عادل جوبەیر: جیهان لە گفتوگۆدایە لەگەڵ عێراق بۆ چارەسەرکردنی کێشەی حەشدی شەعبی
لە پەراوێزی کۆبوونەوەی ساڵانەی کۆمەڵەی گشتی نەتەوە یەکگرتووەکان، رۆژی چوارشەممە 25-9-2019 مەجید نیزامەدین گلی : حەشدی شەعبی، سوپایەکی رێکنەخراوە و بە کارکردن بۆ ئێران تۆمەتبار دەکرێت، ئایا گفتوگۆتان لەسەر ئەم بابەتە کردووە لەگەڵ بەغدا، ئێوە حەشدی شەعبی بە هەڕەشە دەبینن بۆ شانشینەکەتان؟.
عادل جوبەیر، وەزیری دەوڵەتی سعودیە بۆ کاروباری دەرەوە گوتی "سەبارەت بە حەشدی شەعبی، پێموایە هەموو جیهان لەوبارەوە قسە لەگەڵ عێراق دەكات، هەروەها هەموو جیهان دەیانەوێ چارەسەرێك بۆ ئەو پرسە هەبێت، عێراق وڵاتێكە دەبێت خاوەنی سەروەری و سەربەخۆیی خۆی بێت، لە هەموو بوارێكیشەوە پەیوەندییەكانمان لەگەڵ عێراق بەهێز دەكەین".
حەشدی شەعبی لەدوای فەتوایەکی ئایەتوڵڵا سیستانی، باڵاترین مەرجەعی شیعە لە عێراق لە ساڵی 2014 لەدژی هەڕەشەکانی داعش پێکهات. هەرچەندە حەشدی شەعبی خراوەتە ژێر باڵی هێزە ئەمنییەکانی عێراق و هەنگاونراوە بۆ ئەوەی یەکەکانی بەتەواوی بچنە نێو دەزگاکانی سوپا، بەڵام حەشدی شەعبی بەردەوامە لە کارکردن بە سەربەخۆیی.
ژمارەیەکی زۆر سەرکردەی حەشدی شەعبی بە ئەندامی پەرلەمانی عێراق هەڵبژێردراون، کە زۆربەیان سەر هاوپەیمانیی فەتحن. حەشدی شەعبی پەیوەندیی بەهێزی لەگەڵ تاران هەیە، بۆیە ترس هەیە وەکو وەکیلی ئێران کاربکەن و لە بنکە سەربازییەکان و بەرژەوەندیی ئابووریی ئەمریکا لە عێراق بدەن.
بۆیە لەکاتێکدا هەفتەی رابردوو لە دامەزراوە نەوتییەکانی سعودیە درا، ئەمریکا سەرەتا رایگەیاند ئەو مووشەک و فڕۆکە بێفڕۆکەوانانەی لە هێرشەکەدا بەکارهاتوون، لەسەر خاکی عێراقەوە بوون، (بەڵام دواتر پاشگەزبووەوە).
عادل جوبەیر هەروەها پەسنی پەیوەندییەکانی نێوان وڵاتەکەی و عێراق دەدات و دەڵێ: "عێراق وڵاتێكی برایە و وڵاتێكی هاوسێیە، مێژوویێكی هاوبەشمان لەگەڵیدا هەیە، پەیوەندی خێزانی و خێڵەكی و پەیوەندیی مێژووییمان هەیە، ئێستا شانشینی سعودیە و عێراق پەیوەندی باشیان هەیە، هەروەها باڵیۆزخانە و ژمارەیەك کۆنسوڵخانەی سعودیە لە عێراق هەن، سەرەڕای درەوازە سنوورییەكان، هێڵی فڕۆكەوانیی بازرگانی لە نێوان شانشینی سعودیە و عێراق هەیە، هەروەها ئاڵوگۆڕی بازرگانیی باش لە نێوان هەردوو وڵاتدا هەیە، بەردەوامیشین لە گەشەپێدانی پەیوەندییەكان و بەهێزكردنی لە هەموو بوارەكاندا".
