محەمەد بن سەلمان کوشتنی رۆژنامەنووسێک لە ئەستۆ دەگرێت
شازادەی جینشینی سعودیە کوشتنی رۆژنامەنووس و نووسەرێکی وڵاتەکەی،لە ئەستۆ دەگرێت.
محەمەد بن سەلمان، شازادەی جێنشین و سەرۆک وەزیرانی سعودیە، لە چاوپێکەوتنێکدا لە بەرنامەی (فڕۆنت لاین)ی کەناڵی (PBS) ئەمریکا، رایگەیاندووە، ئاگاداری پلانی کوشتنی جەمال خاشقچی نەبووە.
محەمەد بن سەلمان هەروەها رایگەیاندووە، ئەگەرچی ئاگاداری پلانی کوشتنی جەمال خاشقچی نەبووە، بەڵام ”هەموو بەرپرسیارێتییەک“ دەخاتە سەر شانی خۆی، چونکە تاوانی کوشتنی خاشقچی ”لە ژێر سایەی ئیدارەی من ئەنجام دراوە“.
رۆژنامەنووسەکە پرسیاری ئەوە لێ کردووە، کە چۆن ئاگاداری ئەوە نەبووە، فڕۆکەیەکی حکوومیی شاهانەی سعودیە لە تاوانەکەدا بەکار هاتووە، ئەویش لە وەڵامدا تەنیا گوتویەتی، ”20 ملیۆن هاووڵاتی و سێ ملیۆن کارمەند و فەرمانبەرم هەیە“.
یەکەم جارە دوای رووداوەکە، بەرپرسێکی باڵی سعودیە تاوانەکە لە ئەستۆ بگرێت.
جەمال خاشقچی، نووسەر، رۆژنامەنووس و هاووڵاتیی سعودیە لە ئیستەنبوڵ لە رۆژی 2/10/2018ـەوە ون بوو و دواتر لە رۆژی شەممە 6/10/2018، ئاژانسی (رۆیتەرز) لە زاری ژمارەیەک بەرپرسی تورکیا بڵاوی کردەوە، کە خاشقجی لەناو کونسوڵخانەی سعودیە کوژراوە.
دواى 18 ڕۆژ، له رۆژی شەممە 20/ 10/ 2018، ئاژانسی هەواڵی سعوودیی فەرمی، بڵاوی کردەوە، کە جەمال خاشقجی، لەگەڵ ژمارەیەک هاووڵاتیی وڵاتەکەی لەناو کونسوڵخانەی ئەو وڵاتە لە ئیستەنبوڵ بە دەست بەشەڕ هاتووە و دواتر بهو هۆیهوه، گیانى لهدهست داوه.
باسنيوز
