لەناو جەهەپەدا پارتێكی تازە دروست بوو

لەناو جەهەپەدا پارتێكی تازە دروست بوو
ئۆزتورك یڵماز سەركردەی دیاری جەهەپە و ئەندام پەرلەمانی ئەو پارتە لەسەر بازنەی شاری ئەردەهان، جیابوونەوەی خۆی لە جەهەپە راگەیاند و ئاشكرای كرد پارتێكی تازە لە ماوەیەكی زۆر كەمدا رادەگەیەنێ.

ئۆزتورك سەركۆنسوڵی توركیا بوو لە مووسڵ، بەڵام كاتێك گرووپی تیرۆریستی داعش لە ٢٠١٤ مووسڵی داگیر كرد، ئەو و ٤٩ هاوڕێی تری بۆ ماوەی ١٠٣ رۆژ لە ژێر دەستی داعشدا مانەوە، پاشان لە رێككەوتنێكی نێوان توركیا و داعشدا ئازاد كران.

دوای ئازادكردنی وەكو ئەندام پەرلەمانی جەهەپە هەڵبژێردرا، بەڵام بە هۆی ناكۆكی لەگەڵ سەرۆكی جەهەپە كەمال كلیچدارئۆغلو و چەند سەركردەیەك، بەردەوام رەخنەی دەگرت و باسی لە ریفۆرم لە حیزب دەكرد.

ئۆزتورك چەند مانگێك بەر لە ئێستا لە دیمانەیەكی تەلەڤزیۆنیدا گوتی "پێویست ناكات رێگە بدرێت لە توركیا بانگ بە مایك بدرێت، چونكە خەڵك بێزار دەبێت و هەستی ئایینەكانی تر بریندار دەبێت".

لەسەر ئەم گوتەیە لە سۆسیال میدیا و لە لایەن ئەكەپەشەوە رەخنەی زۆری لێ گیرا و لایەنگرانی جەهەپە داوایان كرد لە پارت دووری بخەنەوە.

جەهەپە بە فەرمی ئۆزتوركی لە جەهەپە دەكرد و گوتی بە هۆی سووكایەتی بە بانگدان ئیتر نابێت لە پارت بمێنێتەوە.

لە ماوەی ٤٨ كاتژمێری رابردوودا، ئۆزتورك بە فەرمی رایگەیاند كە پارتێكی تازە دادەمەزرێنێت و چەندین ئەندام پەرلەمانی جەهەپەشی لەگەڵدایە.

ئەمەش یەكەم سەركردەی ناو جەهەپەیە كە جیاببێتەوە و پارتێكی تازە دابمەزرێنێت.
Top