نەتەنیاهوو بۆ پێکهێنانی حکومەت رادەسپێردرێت
ریوڤین ریڤلین، سەرۆکی ئیسرائیل لە کۆنفرانسێکی رۆژنامەڤانی لە ئۆرشەلیم بە فەرمی داوای لە نەتەنیاهوو کرد حکومەتی نوێ پێکبهێنێت.
پارتی لیکود کە پارتەکەی نەتەنیاهووە، لە هەڵبژاردنی پەرلەمانی ئەمجارەدا لە 120 کورسی پەرلەمان 32 کورسی بەدەستهێنا، پارتەکەی گانتز، سەرکردەی پارتی شین و سپی 33 کورسی بەدەستهێنا.
بێنی گانتز ئامادەنەبوو حکومەتی نوێ بەسەرکردایەتی نەتەنیاهوو پێکبهێندرێت لەکاتێکدا ئەو نە زۆرینەی دەنگی بەدەستهێناوە و نە هەڵبژاردنەکەشی بردووەتەوە.
بەڵام دوای ئەوەی سەرۆکی ئیسرائیلیش نەیتوانی ئەو دوو لایەنە لە یەک نزیکبکاتەوە، بڕیاریدا پێکهێنانی حکومەتی نوێ بە نەتەنیاهوو راسپێرێت.
نەتەنیاهوو لە دوو تێرمدا واتا لە هەڵبژاردنی 30ی ئایاری ئەمساڵ و لە هەڵبژاردنی دووبارەدا کە لە 17ی ئەیلوول ئەنجامدرا، زۆرینەی دەنگی بەدەستنەهێنا کە زۆرینە 61 کورسییە. بەڵام راسپاردنی بۆ پێکهێنانی حکومەت لەکاتێکدایە، ناوچەکە بە گرژی و قەیرانی تووند تێپەڕدەبێت.
نەتەنیاهوو بەدرێژایی کامپەینی هەڵبژاردنەکان پەیمانی بە خەڵکداوە وڵاتەکە لە هەڕەشە نێوخۆیی و دەرەکییەکان بپارێزێت. یەکێک لەو هەڕەشانە دەسەڵاتی ئێرانە لە سووریا و لوبنان کە ئیسرائیل بەمەترسی و هەڕەشە بۆ سەر خاکی خۆی ناویدەبات.
