عادل عەبدولمەهدی و شا سەلمان لە سعوودیە کۆ بوونەوە
میدیاکانی عێراق و سعوودیە لەمبارەوە بڵاویان کردەوە دیداری نێوان سەرۆکوەزیرانی عێراق و شا سەلمانی سعوودیە لە شاری جەدە بووە و دیدارەکە چەند سەعاتێکی خایاندووە.
هەندێ سەرچاوە باسیان لەوە کردووە ئەم سەردانەی عادل عەبدولمەهدی بۆ سعوودیە پەیوەندیی بە گۆڕانکارییەکانی یەمەن و شەڕی یەمەنەوە هەیە و دەکرێ ئەم سەردانە بە جۆرێک یارمەتیدەری ئاگربەستی نێوان یەمەن و سعوودیە و ئیمارات بێت.
سەرچاوەیەکی نزیک لە عادل عەبدولمەهدی بە ئاژانسی (RT)ی رووسی راگەیاندووە، عەبدولمەهدی هەوڵی لێک نزیککردنەوەی ئێران و سعودیە دەدات، بە مەبەستی کەمکردنەوە و نەهێشتنی گرژیی و ئاڵۆزییەکانی کەنداوی عەرەبی و ئەو پرسە لەگەڵ دەسەڵادارانی ئەو وڵاتە تاوتوێ دەکات.
ئەو سەرچاوەیە ئاماژەی بەوە کردووە، کە ئێران بە نێوەندگیرییەکەی سەرۆک وەزیرانی عێراق رازی بووە.
بەهۆی پشتیوانیکردنی حوسییەکان (ئەنساروڵڵای یەمەن) و بۆردومانکردنی دامەزراوە نەوتییەکانی سعودیە، کە بەرپرسانی ئەو وڵاتە ئێران تۆمەتبار دەکەن، پەیوەندییەکانی ریاز و تاران گرژییەکی زۆیان تێ کەوتووە و مەترسیی دروستبوونی شەڕ لە ئارا دایە.
باسنيوز
