هەوڵی لەکار لادانی سەرۆکی ئەمریکا دەدرێت

هەوڵی لەکار لادانی سەرۆکی ئەمریکا دەدرێت
سەرۆکی ئەنجومەنی نوێنەرانی ئەمریکا هەوڵێکی بۆ لەکار لادانی سەرۆکی وڵاتەکەی، دەست پێ کردووە.

خاتوو نانسی بیلۆسی، سەرۆکی ئەنجومەنی نوێنەرانی ئەمریکا دەستی بە هەوڵەکەی کردووە، کە بە هەنگاوێکی مێژوویی دادەنرێت و تا ئێستا لە مێژووی ئەمریکا، رووی نەداوە.

نانسی بیلۆسی، کە سەر بە پارتی دیموکراتەکانی رکابەری پارتی کۆمارییەکان (پارتەکەی دۆناڵد ترەمپی سەرۆکی وڵاتەکەیەتی)، هەوڵ دەدا بەپێی دەستووری وڵات، ترەمپ لەکارەکەی دوور بخاتەوە.

ئەو ژنە سیاسەتمەدارەی ئەمریکا بەهۆی داواکردنی ترەمپ لە سەرۆکی ئۆکڕانیا بە تۆمارکردنی سکاڵا لە دژی جۆ بایدن، کاندیدێکی دیموکراتەکان بۆ هەڵبژاردنی سەرۆکایەتیی ئەمریکا، هەوڵەکانی دەست پێ کردووە.

بەپێی دەستووری ئەمریکا، ئەگەر سەرۆک خیانەتی لە وڵات کرد، یان بەرتیلی وەرگرت، یان تاوانێکی ئەنجام دا، لەسەر کار لادەدرێت.

نانسی بیلۆسی پێی وایە دۆناڵد ترەمپ خیانەتی لە وڵاتەکەی کردووە، بەوەی پۆستەکەی بەکارهێناوە بۆ هاوکاریکردنی بێگانە دژی رکابەرێکی سیاسیی ناوخۆیی خۆی.

میدیاکانی ئەمریکا بڵاویان کردووەتەوە، کە ترەمپ داوای لە سەرۆکی ئۆکرانیا کردووە سکاڵا لە دژی جۆ بایدن بەرز بکاتەوە، بەهۆی ئەوەی ئەو کاتەی جێگری سەرۆکی ئەمریکا بووە، هەڕەشەی راگرتنی هاوکارییەکانی وڵاتەکەی بۆ ئۆکرانیا، کردووە.

رۆژی پێنجشەممە 25-4-2019، جۆو بایدن، سیاسەتمەدار و جێگری سەرۆکی پێشووی ئەمریکا(جێگری باراک ئۆباما لە 2009-2017)، بە فەرمی کاندیدبوونی خۆی بۆ هەڵبژاردنی سەرۆکایەتیی ئەمریکا لە ساڵی 2020، راگەیاند.

جۆ بایدن، کە لە ساڵی 1942 لە دایک بووە، سەر بە پارتی دیموکراتەکانی ئەمریکایە.

لە ساڵی 2008، جۆ بایدن بیرۆکەی دابەشکردنی عێراقی بۆ سێ هەرێمی کورد، سوننە و شیعە داهێنا و رایگەیاند، تەنیا ئەو دابەشکردنە کۆتایی بە کێشەکانی عێراق دەهێنێت.

بڕیارە لە مانگی 11ـی 2020، هەڵبژاردنی سەرۆکایەتیی ئەمریکا ئەنجام بدرێ و سەرۆکی ژمارە 46ـی ئەو وڵاتە هەڵبژێردرێت.













باسنيوز
Top