ئەنجومەنی نوێنەران لێکۆڵینەوە لە پەیوەندیە تەلەفۆنییەکەی ترەمپ و هاوتا ئۆکرانیەکەی دەکات

ئەنجومەنی نوێنەران لێکۆڵینەوە لە پەیوەندیە تەلەفۆنییەکەی ترەمپ و هاوتا ئۆکرانیەکەی دەکات
ئەنجومەنی نوێنەرانی ئەمریکا لێکۆڵینەوەی فەرمی لە پەیوەندیە تەلەفۆنییەکەی دۆناڵد ترمپ و هاوتا ئۆکرانییەکەی دەکات، بەتاوانی گرتنەوەی یارمەتی وڵاتانی دیکە، بۆ ناوزڕاندنی رکابەرەکەی پێش دەستپێکردنی هەڵبژاردنی داهاتو.

بەپێی ئاژانسی رۆیتەرز، دوێنی سێشەممە نانسی پیلوسی، سەرۆکی ئەنجومەنی نوێنەرانی ئەمریکا لێکۆڵینەوەیەکی داخراوی بە بەشداری نوێنەرانی دیموکراتەکان راگەیاند و وتی، "رەفتارەکانی دۆناڵد ترەمپ ئاسایشی نیشتیمانی شێواندوە و دەستوری پێشێلکردوە".

پێویستە سەرۆکیش لێکۆڵینەوەی لەگەڵ بکرێت، هیچ کەسێک لەسەر و یاساوە نیە


پیلوسی کە لە ماوەی چەند مانگی رابردودا خۆی پاراستبو لە تێوەگلان لە ئەو بابەتەی ترەمپ رایگەیاند، "پێویستە سەرۆکیش لێکۆڵینەوەی لەگەڵ بکرێت، هیچ کەسێک لەسەر و یاساوە نیە".

لەوەڵامدا دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ویلایەتە یەکگرتوەکانی ئەمریکا لە هەژماری تایبەتی خۆیدا لە تۆڕی کۆمەڵایەتی تویتەر نوسیویەتی، "ئەمە کارێکی ناڕەواو بێمانایە".

ئەو هەڵوێست گۆڕینەی پیلوسی دوا بەدوای ئەو راپۆرتانە دێت، کە ئاماژە بەوە دەکەن دوناڵد ترەمپ لە پەیوەندیە تەلەفۆنییەکەی 25-ی تەموزدا ڤۆڵۆدیمێر زیلینسکی، سەرۆکی ئۆکرانیای ناچارکردوە بە لێکۆڵینەوە لەبارەی جۆ بایدن، کاندیدی هەرە بەهێزی رکابەری لە هەڵبژاردنەکانی سەرۆکایەتی داهاتودا، کە لەرابردودا لە کۆمپانیایەکی گاز لە ئۆکرانیا کاریکردبو.

دوێنی ترەمپ پەیمانیدا بە بڵاوکردنەوەی کۆپیەک لەگفتوگۆ تەلەفۆنییەکەی لەگەڵ سەرۆکی ئۆکرانیادا


دوێنی ترەمپ پەیمانیدا بە بڵاوکردنەوەی کۆپیەک لەگفتوگۆ تەلەفۆنییەکەی لەگەڵ سەرۆکی ئۆکرانیادا، دانی بەوەشدا نا کە دەربارەی بایدن قسەیانکردوە، بەڵام رەتیکردەوە فشاریکردبێتە سەر هاوتا ئۆکرانییەکەی بۆ ناوزڕاندنی جۆ بایدنی رکابەری.

لەم بارەیەوە پیلوسی رایگەیاند، "رەفتارەکانی سەرۆک ترەمپ، ئەو راستیە دەردەخات کە سەرۆک ناپاکی لە سوێندەکەی ئاسایشی نیشتیمانی و پاکڕاگرتنی هەڵبژاردنەکان کردوە".

رۆژی شەممەی رابردو جۆ بایدن، جێگری سەرۆکی پێشوی ئەمریکا، کە لە ئێستادا لە هەوڵدایە بۆ بەدەسستهێنانی پۆستی کاندیدی حزبی دیموکرات لە هەڵبژاردنە سەرۆکایەتیەکانی داهاتوی ئەمریکا، چەند راپۆرتێکی لێکۆڵینەوەی بڵاوکردەوە، کە ئاماژە بۆ ئەوەدەکەن، دۆناڵد ترەمپ فشاریکردوەتە سەر هاوتا ئۆکرانییەکەی بۆ لێکۆڵینەوە لەگەڵ بایدن و کوڕەکەی.






خەندان-
Top