هۆك: سزاكانمان بۆ سەر تاران بەردەوامدەبێت

هۆك: سزاكانمان بۆ سەر تاران بەردەوامدەبێت
نێردەی ویلایەتە یەكگرتوەكانی ئەمریكا بۆ كاروباری ئێران رایگەیاند، وڵاتەكەی بەردەوامدەبێـت لە سیاسەتی سزادانەكانی بۆ سەر كۆماری ئێران و دوپاتیكردەوە، لەوبارەیەوە هێزی سەربازی ئەمریكا لە كەنداو هاوكاربوە.

زیادكردنی هێزی سەربازی ئەمریكی لە كەنداو ئەو كارەی زیاتر بەرەو پێشەوە بردوە


لەمیانی لێدوانێكیدا بۆ كەناڵی تەلەفزیۆنی سكای نیوز-ی بریتانی، برایان هۆك، نێردەی تایبەتی ویلایەتە یەكگرتوەكانی ئەمریكا بۆ كاروباری ئێران رایگەیاند "واشنتن بەردەوامدەبێت لە سەپاندنی سزاكانی بۆ سەر ئێران و زیادكردنی هێزی سەربازی ئەمریكی لە كەنداو ئەو كارەی زیاتر بەرەو پێشەوە بردوە".

ئاماژەی بەوەشكرد "دۆناڵد ترەمپ، سەرۆكی ویلایەتە یەكگرتوەكانی ئەمریكا لەبەردەم ئەنجومەنی گشتی نەتەوە یەكگرتوەكان وتارێكی بەهێزی پێشكەشكردوە و داوای لە كۆمەڵگەی نێودەوڵەتی كردوە روبەڕوی ئێران بوەستنەوە".

پشتیان بە زانیاریە هەواڵگریەكان بەستوە


سەبارەت بە هێرشەكانی سەر پێگە نەوتیەكانی ئارامكۆ لە سعودیە و تۆمەتباركردنی ئێران لە لایەن ویلایەتە یەكگرتوەكانی ئەمریكا و وڵاتانی ئەروپا بەوهۆیەوە، هۆك وتی " ئەو وڵاتانەی ئێران بە هێرشكردنە سەر پێگە نەوتیەكانی سعودیە تۆمەتباردەكەن، پشتیان بە زانیاریە هەواڵگریەكان بەستوە".

هاوكات لەبارەی ئەگەری ئاراستەكردنی هەنگاوەكانی ئەمریكا بەرەو بەكارهێنانی هێزی سەربازی ئەو بەرپرسە رایگەیاند "ترەمپ ماوەی دو ساڵ و نیوە دەروازەكانی دانوستانی بەڕوی ئێراندا كردوەتەوە، بەڵام ئەو لایەنە رێگەی دێپلۆماسی رەتدەكاتەوە".

وتیشی "ویلایەتە یەكگرتوەكانی ئەمریكا لەگەڵ هەریەك لە عەرەبستانی سعودیە و وڵاتی ئیمارات كۆبوەتەوە و سەبارەت بە گەیشتن بە رێگەیەكی گونجاو بۆ كار و هەڵوێستەكانی ئێران لەناوچەكەدا گفتوگۆیان ئەنجامداوە".

رێككەوتنە كۆنەكە بار بو لەسەر سەقامگیری و ئاسایشی ناوچەكە


هۆك لەبارەی لێدوانێكی بۆریس جۆنسن، سەرۆك وەزیرانی بریتانیاوە ئاماژەی بەوەكرد "داواكاریەكەی جۆنسن سەبارەت بە ئەنجامدانی رێككەوتنێكی نوێ لەگەڵ ئێران، ئەوپەڕی تێگەشتوییە، چونكە رێككەوتنە كۆنەكە بار بو لەسەر سەقامگیری و ئاسایشی ناوچەكە، رێخۆشكەریش بوە بۆ تاران تا سیستەمە موشەكیەكان لە رۆژهەڵاتی ناوەراست بەكاربهێنێت".

ترەمپ بڕیاردەری ئەو بابەتەیە


هۆك رەتیشیكردەوە، لە پەراوێزی كۆبونەوەكانی ئەنجومەنی گشتی نەتەوە یەكگرتوەكان كە لە نیویۆرك ئەنجامدەدرێت، پێشوەخت كاركرابێت بۆ ئەنجامدانی چاوپێكەوتن لەنێوان هەریەك لە دۆناڵد ترەمپ، سەرۆكی ویلایەتە یەكگرتوەكان و حەسەن رۆحانی، سەرۆكی كۆماری ئێران، راشیگەیاند "ترەمپ بڕیاردەری ئەو بابەتەیە".

وتەكانی هۆك پاش ئەوەدێت، ئەمڕۆ سێشەممە دۆناڵد ترەمپ لەمیانی وتەكانیدا لەبرەدەم كۆمەڵەی گشتی نەتەوە یەكگرتوەكان لە نیویۆرك رایگەیاند "ئێران لە هەریەك لە وڵاتەكانی سوریا و یەمەن ئاڵۆزی دروستدەكات و هەڕەشەیەكی گەورەیە لە ناوچەكەدا".










خەندان
Top