لە پرۆژە یاسای ریفۆرمی دادگایی توركیادا هەدەپە پشتگوێ دەخرێت
ماوەی ساڵێك دەبێت ئەكەپە و مەهەپە بە یەكەوە ئەو پڕۆژە یاسایەیان داناوە، بەڵام شارەزایانی بواری یاسا و ئۆپۆزسیۆنی توركیا دژی ئەو پڕۆژە یاسایەن، چونكە پێیان وایە لە بەرژەوەندی دەسەڵات نووسراوەتەوە، كودەتایە بەسەر دادگای توركیادا.
لەم هەفتەیەدا، پڕۆژە یاسایەكە رادەستی جەهەپە و پارتی باش دەكرێ تا بۆچوونی خۆیانی لەسەر بدەن، كە لە ٣٨ مادە پێكهاتووە.
بەڵام هەدەپە كە خاوەنی ٦٠ كورسی پەرلەمانە و دەنگەكانی لە پارتی باش و مەهەپەش زیاترە، كەچی لە پڕۆژە یاسایەكی گرنگی وەكو ریفۆرمی دادگاییدا هیچ پرسێكی پێناكرێت، دەسەڵات دەڵێ هەدەپە نابێت هیچ رۆڵێكی تێدا هەبێت.
ئەگەرچی سەرەتا مەهەپە داوای لە ئەكەپە كرد كە لەو پڕۆژە یاسایەدا (لێبووردنی گشتی)شی تێدا بێت، بەڵام ئەو داوایەی مەهەپە بۆ كاتێكی تر دواخرا، چونكە بەشی یەكەمی پڕۆژە یاساكە ئامادە كراوە، بەشی دووەمیشی هەیە و رەنگە ماوەیەكی زۆرتری بوێت و لەوێ باس لە لێبووردنی گشتی دەكرێت.
ناوەڕۆكی پڕۆژە یاساكە لە چەند خاڵێك پێك هاتووە، بۆ نموونە ئەو كەسەی كەمتر لە پێنج ساڵ سزای بەسەردا سەپاوە، بۆی هەیە تەمیزی بڕیارەكە بكات و داوای تێهەڵچوونەوە بكات كە سزاكەی كەمتر بكرێتەوە.
هەروەها هەر پارێزەرێك ماوەی ١٥ ساڵ كاری پارێزەری كردبێت، حكوومەت بۆ ئاسانكردنی وەرگرتنی ڤیزای ئەوروپا، پاسپۆرتی شینی دەداتێ، كە بەو پاسپۆرتە دەتوانێت گەشتی ئەورووپا بكات.
هەروەها ئەوەی بیەوێت لە بەشی یاسا بخوێنێت، پێویستە بەر لەوەی بچێتە زانكۆ بە تاقیكردنەوەیەكدا تێپەڕ ببێت كە پەیوەستە بە یاساوە، ئەگەر دەرنەچوو بۆی نییە لە بەشی یاسادا بخوێنێت. هەروەها لەمەودوا ئەوەی بیەوێت ببێتە پارێزییریش، دەبێت بە تاقیكردنەوەیەكی یاساییدا تێپەڕ ببێت.
