حەسەن ڕۆحانی: هۆی ناسەقامگیریی ناوچەکە ئەمریکایە
ئەو نمیاشە سەربازییەی هێزە چەکدارەکانی ئێران، دوای ئەوە دێت کە ئەمریکا، سعوودیە و بەشێک لە وڵاتانی ڕۆژئاوایی حکوومەتی ئێران بەوە تۆمەتبار دەکەن کەلە هێرش بۆ سەر ناوەندە نەوتییەکانی سعوودیە (ئارامکۆ) دەستی هەبووە.
حەسەن ڕۆحانی لە ڕێوڕەسمی نمایشی سەربازیی سوپای ئەو وڵاتەدا ئەمڕۆ یەکشەممە ٢٢ی٩ی٢٠١٩ گوتی: "بوونی هێزی وڵاتانی بیانی لە ناوچەکە و بەتایبەت لە سنووری گەرووی هورمز، ئاسایش و سەقامگیری تێک دەدات و بۆ ڕێڕەوە ئاوییەکانی کەنداو مەترسیدارە".
ڕۆحانی ڕاسی گەیاند: "ئەمریکا و هاوپیەمانەکانی ڕوویان لە هەر ناوچە و شوێنێکی جیهان کردبێت، کێشە و شەڕ و ناکۆکییان ناوەتەوە و ئێمەش بەرەو لای دروسێیەکانمان دەستی ئاشتی و دۆستایەتی درێژ دەکەین و ئامادەین لە هەڵە و کەموکۆڕییەکانی پێشوویان خۆش بین، چونکە دوژمنان دەیانەوێ لەم ناکۆکییەی ئێمە کەڵک وەربگرن".
سەرۆک کۆماری ئێران ڕاشی گەیاند: "ئێران پرۆژەیەک دەداتە نەتەوە یەکگرتووەکان کە تێیدا لەسەر بنەمای هاوکاریی وڵاتانی ناوچەکە سەقامگیریی و ئاسایشی کەنداو و گەرووی هورمز دابین دەکرێت".
ئەم قسانەی ڕۆحانی لە ڕۆژی نمایشی سەربازی لە وڵاتەکەی لە کاتێکدایە کە پاش هێرش بۆ سەر دامەزراوە نەوتییەکانی سعوودیە، سەرۆکی ئەمریکا بڕیاری داوە ژمارەی هێزە سەربازییەکانیان لە سعوودیە و ئیمارات زیاد بکرێن، هەرچەند بەرپرسانی ئەمریکا دەڵێن ئەم بڕیارە هەوڵێکی بەرگریکارانەیە هەتا ئامانجی هێرشبەرانە بێت.
باسنیوز
