ئێران و چین و ڕووسیا لە دەریای عومان مانۆڕێکی سەربازیی هاوبەش بەڕێوە دەبەن
لەمبارەوە قەدیر نزامی، لە وتووێژێکدا لەگەڵ ئاژانسی (فارسنیوز)ی سەر بە سوپای پاسداران ڕای گەیاندووە: "لە چوارچێوەی دیپلۆماسیی سەربازی و بەرگریدا بە فەرمانی خامنەیی لە داهاتوویەکی نزێکدا سەفەری شاندە سەربازییەکانی ئێران بۆ چین و ڕووسیا دەست پێدەکەن".
ئاماژەی بەوەش کردووە: "لەمبارەوە لە نێوان سێ وڵاتی ئێران و ڕووسیا و چین مانۆڕێکی گەورەی دەریایی لە ئاوەکانی دەریای عومان و باکووری زەیای هیند بەڕێوە دەچێت و ئەمە یەکەم جارە لەگەڵ ڕووسیا و چین لەو جۆرە ئۆپەراسیۆنانە ساز بکەین".
ئەو فەرماندە سەربازییەی ئێران ڕاشی گەیاندووە: "ئەم مانۆڕە دەریاییە بۆ ئێران گرنگ و ستراتیجییە و بۆ ئاڵوگۆڕ و ڕووداوەکانی داهاتوو پشتی پێ دەبەسترێت".
قەدیر نزامی گوتیشی: "لەلایەکی دیکەشەوە لە داهاتوودا سەرۆکی ئەرکانی هێزە چەکدارەکان و وەزیرانی بەرگریی چەند وڵاتی ناوچەکە سەردانی تاران دەکەن و لە چوارچێوەی ئەو مانۆڕە سەربازییە دەریاییەدا پێکەوە گفتوگۆ دەکەن".
ئەم هەوڵە سەربازییانەی ئێران بۆ نزیکبوونەوە لە چین و ڕووسیا لە کاتێکدایە کە ئەمریکا هاوپەیمانییەکی نوێی بۆ پاراستنی ڕێڕەو و ڕێگە ئاوییەکانی کەنداو پێکهێناوە کە ئامانجیان پێشگیرییە لە جموجۆڵەکانی ئێران.
باسنيوز
