ترەمپ بڕیاری ناردنی هێزی زیاتر بۆ کەنداوی عەرەبی دەدات
ئەمڕۆ شەممە 21-9-2019، مارک ئێسپەر، وەزیری بەرگریی ئەمریکا بە رۆژنامەنووسانی راگەیاندووە، دۆناڵد ترەمپی سەرۆکی وڵاتەکەی رەزامەندیی لەسەر ناردنی هێزی زیاتری ئەمریکا بۆ کەنداوی عەرەبی، دا.
هەروەک مارک ئێسپەر رایگەیاندووە، هێزە نوێیەکەی ئەمریکا تایبەت دەبێ بە بەگریی ئاسمانی و دژەمووشەکی.
ناردنی ئەو هێزە نوێیەی ئەمریکا دوای بۆردومانکردنی دامەزراوەیەکی کۆمپانیای ئارامکۆی سعودی دێت، کە ئەمریکا و سعودیە ئێران بە ئەنجامدانی بۆردومانەکە تۆمەتبار دەکەن.
پێشتر بەرپرسانی باڵای ئەمریکا ئاماژەیان بوە کردبوو، کە هێرشەکان لە عێراقەوە ئەنجام دراون، بەڵام نووسینگەی راگەیاندنی ئەنجومەنی وەزیرانی عێراق رەتی کردووەتەوە خاکی وڵاتەکەی بۆ هێرشکردنە سەر سعودیە بەکار هاتبێت.
بەرەبەیانی رۆژی شەممە 14-9-2019، ژمارەیەک فڕۆکەی بێ فڕۆکەوان دوو دامەزراوەی کۆمپانیای ئارامکۆی سعودییان لە شارۆچکەی بەقیق لە رۆژهەڵاتی ئەو وڵاتە، کردە ئامانج.
بەهۆی هێرشی فڕۆکە بێ فڕۆکەوانەکانەوە، دوو تەقینەوە لەو دوو کارگەیە روویان دا و ئاگرێکی گەورە کەوتەوە.
باسنيوز
