پێنتاگۆن: ئەوەی لەسەر سنوور دەیکەین بۆ رەواندنەوەی نیگەرانییەکانی تورکیایە
پاتریک رایدەر، گوتەبێژی فەرماندەییە هاوبەشەکان لە وەزارەتی بەرگریی ئەمریکا لەبارەی ئۆپەراسیۆنە هاوبەشەکانیان لەگەڵ تورکیا راگەیاند: "دەتوانم پێت بڵێم ئەوەی کە ئێمە لەگەڵ تورکیا کاری لەسەر دەکەین جێبەجێکردنی میکانیزمە ئەمنییەکەیە بۆ رەواندنەوەی نیگەرانییە ئەمنییە رەواکانی تورکیا لەسەر سنوورەکە. بە دڵنیاییەوە هەوڵدەدەین بۆ رێگرتن لە سەرهەڵدانەوەی داعش".
پاتریک رایدەر هەروەها گوتی: "من دەزانم کە تاوەکو ئێستا پێنج گەڕانی ئاسمانی هەبوون بۆ دەرخستنی جێبەجێکردنی میکانیزمە ئەمنییەکە و هەروەها چەند گەڕانێکی زەمینی هەبوون. بە هەموو پێوەرەکان دەتوانم بڵێم کە بەرەوپێشچوون روویداوە، وە هەروەها تێکدانی هەندێک سەنگەری یەپەگەمان لەسنوور بینیوە؛ لەکاتێکدا هەسەدە پشتگیری خۆی بۆ ئەم رێککەوتنە دەردەخات".
تورکیا و ئەمریکا ماوەیەکە رێککەوتوون لەسەر ناوچەیەکی ئارام لەسەر سنووری سووریا و تورکیا. هەرچەندە هێشتا لەسەر قووڵایی و رووبەرەکەی نەگەیشتوونەتە رێککەوتن، بەڵام واشنتن و ئەنقەرە لەسەر دروستکردنی ناوەندێکی هاوبەشی ئۆپەراسیۆن رێککەوتوون و بنکەکەی لە شاری رووهای باکووری کوردستان دەبێت، کە هاوسنوورە لەگەڵ رۆژئاوای کوردستان.
تورکیا بۆ پاراستنی سنوورەکانی داوای ئەو ناوچە ئارامە دەکات و دەڵێت، دەبێ قووڵاییەکەی 30 کیلۆمەتر بێت، بەڵام هێزی سووریای دیموکرات (هەسەدە) ئەوە رەتدەکاتەوە و دەڵێت، نابێ لە پێنج کم زیاتر بێت، ئەمریکا کە گفتوگۆ لەگەڵ هەردوو لایەنەکە دەکات بە گونجاوی دەزانێ قووڵایییەکەی لەنێوان پێنج بۆ 14 کم بێت.
