نەتانیاهۆ: هیچ رێگام لەبەردەمدا نەماوە

نەتانیاهۆ: هیچ رێگام لەبەردەمدا نەماوە
سەرۆک وەزیرانی کاربەڕێکەری ئیسرائیل رایدەگەیەنێت، کە هیچ رێگایەکی لەبەردەمدا نەماوە بۆ پێکهێنانی حکوومەتێکی راستڕەو لە وڵاتەکەی.

بنیامین نەتانیاهۆ، سەرۆک وەزیرانی کاربەڕێکەری ئیسرائیل لە لێدوانێکدا بۆ میدیاکانی وڵاتەکەی، دانی بە شکستهێنانی حزبەکەی (پارتی لیکۆد) لە هەڵبژاردنی پەرلەمان (کنێست)، داناوە.

بنیامین نەتانیاهۆ (لەدایکبووی 1949)، لە ساڵەکانی 1996-1999 سەرۆک وەزیرانی ئیسرائیل بووە و دواتریش لە 2009 تا 2019، بووەتەوە سەرۆک وەزیران.

نەتانیاهۆ داوای لە بینی گانتس، سەرۆکی پارتی شین و سپیی میانڕەو کردووە بە یەکەوە حکوومەتێکی ئیئتیلافی دروست بکەن.

بەپێی دوایین ئەنجامە نافەرمییەکان، پارتی لیکۆد 32 کورسیی کنێستی مسۆگەر کردووە و پارتی شین و سپیش 33 کورسی بە دەست هێناوە.

رۆژی سیشەممە 17-9-2019، هاووڵاتییانی ئیسرائیل چوونە سەر سندوقەکانی دەنگدان بۆ هەڵبژاردنی پەرلەمانی وڵاتەکەیان.

کنێستی ئیسرائیل لە 120 ئەندام پێک دێت و کام لایەن زۆرینەی کورسییەکان بە دەست بهێنێت، سەرۆک وەزیرانی ئیسرائیل دیاری دەکات، بەڵام پێویستە رەزامەندیی 61 پەرلەمانتار، بەدەست بهێنێت.












باسنيوز
Top