ئه‌ردۆغان لەبارەی ناوچەی ئارام: ئیدی قسە رازیمان ناکات، چاوەڕوانی کردارین
ره‌جه‌ب ته‌یب ئه‌ردۆغان، سه‌رۆككۆماری توركیا له میانی به‌شداریكردنی له رێوڕه‌سمی كردنه‌وه‌ی ساڵی نوێی خوێندنی باڵا لە ئەنقەرە گوتارێكی پێشكه‌ش كرد باسی ناوچەی ئارام و هەنگاوەکانی دروستکردنی ناوچەکەی کرد.
لەبارەی کارەکانی ناوچەی ئارام لە سووریا ره‌جه‌ب ته‌یب ئه‌ردۆغان رایگه‌یاند "نیگه‌رانییه‌كانمان له‌باره‌ی ئه‌و رێكخراوه تیرۆریستییه‌ی کە یەک لەسەر چواری خاكی سووریا و رۆژهه‌ڵاتی فوراتی داگیركردووه به‌پێی پێویست گه‌یاندووه‌تە لایه‌نی به‌رامبه‌ر، ئه‌م دۆخه به‌ئەنجام گه‌یشتنی كاره‌كانمانی له‌گه‌ڵ ئه‌مریكا له‌باره‌ی ناوچه‌ی ئارامه‌وه سه‌ختتر كردووە".
سەرۆککۆماری تورکیا جەختدەکاتەوە تاوەکو دوو هەفتەی دیکە پلانی ناوچەی ئارام لەگەڵ ئەمریکا ئەنجامی نەبێت، ئەوان پلانی ئۆپەراسیۆنی خۆیان دەبێت. دەشڵێت "چاوه‌ڕوانی پشتگیرییه‌كی زۆر به‌هێزتریش له وڵاتانی ئه‌وروپا ده‌كه‌ین له‌باره‌ی ئیدلب و رۆژهه‌ڵاتی فورات، ئیدی قسه ئێمه رازی ناكات، به‌قسه نابێت، چاوه‌ڕوانی كردارین".
ئه‌ردۆغان لەبارەی پەنابەران ئاماژە بەوە دەکات، سێ ملیۆن و 600 هه‌زار په‌نابه‌ریان له توركیا جێکردووەتەوە "له جیهاندا ئه‌مه نموونه‌ی نییه، هه‌رچه‌نده پێویسته رۆژئاواش وه‌ك ئه‌مه بكات. ئه‌گه‌ر نه‌توانین له ئیدلب به‌خێرایی ئارامی ده‌سته‌به‌ربكه‌ین، به‌ڕوونی ده‌یڵێین كه ناتوانین بارگرانیی چوار ملیۆن دانیشتووی ئه‌و ناوچه‌یه لەئەستۆبگرین. به پاككردنه‌وه‌ی رۆژهه‌ڵاتی فورات و ده‌سته‌به‌ركردنی ئارامی تیایدا، ده‌توانین لەوێ دوو بۆ سێ ملیۆن په‌نابه‌ری سووری كه له وڵاته‌كه‌مان یان ئه‌وروپا ده‌ژین، نیشته‌جێ بكه‌ین".
