نرخی نەوتی خاو بەڕێژەی زیاتر لەسەدا 1 دابەزی
لەجەلسەکانی پێشوی نرخی بازاڕدا، نرخی نەوتی خاو بەڕێژەی لەسەدا 3 کەمبوەوە.
بەپێی ئاژانسی رۆیتەرز، ئەمرۆ پێنجشەممە نرخی هەر بەرمیلێک لەنەوتی خاوی برێنت 69 سەنت دابەزی کە ڕێژەی لەسەدا 1.1ی نرخی پێشویەتی و بەوەش نرخی برێنت لە ( 63.66) شەست و سێ دۆلارو شەست و شەش سەنتدا جێگیربو. ئەمە لەکاتێکدا رۆژی سێشەممەی رابردو بەڕێژەی لەسەدا 3 نرخەکەی کەمبوبوەوە.
هاوکات، نرخی یەک بەرمیل نەوتی خاوی تەکساسی رۆژئاوای ئەمریکا 84 سەنت کەمیکرد کەڕێژەی لەسەدا 1.5ی نرخەکەی پێشویەتی و بەوەش لە 56.78 ( پەنجاو شەش دۆلار و حەفتاو هەشت سەنت)دا جێگیربو.
بەپێی داتاو زانیارییەکانی بەڕێوەبەرایەتی وزەی ئەمریکا، رێژەی نەوتی عەمبارەکانی ئەمریکا بەشێوەیەکی چاوەڕواننەکراو زیادکرا و بەهۆیەوە نرخی نەوتی خاو لەبازەڕەکاندا کەمبوەوە.
بەپێی زانیارییەکان لەماوەی 2 رۆژی رابردودا 1.3 ملیۆن بەرمیل نەوتی عەمبارکراو کەمی کردوە، واتە رەوانەی بازاڕەکانی جیهانکراوە و بەهۆیەوە نرخی نەوت کەمیکردوە.
ئەوە لەكاتێكدایە لەماوەی رابردودا گرژیی و ئالۆزیە ئابوریەكانی جیهان، بە تایبەتی جەنگی بازرگانی نێوان ویلایەتە یەكگرتوەكانی ئەمریكا و چین، هاوكات لەگەڵ زیاتربونی ئاڵنگاریەكانی نێوان ویلایەتە یەكگرتوەكان و ئێران، ئێران و وڵاتانی ئەوروپا، سەرجەمیان كاریگەریان لەسەر هەلكشان و داكشانی نرخی نەوتی خاو هەبوە.
خەندان
