برایان هۆک: هیچ پردێکی پەیوەندی لە نێوان ئێران و ئەمریکادا نییە
نوێنەری تایبەتی وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا بۆ کاروباری ئێران، ئاشکرای کردووە، ئێستا هیچ ڕێگە و پردێکی پەیوەندی لە نێوان دۆناڵد ترەمپ سەرۆکی ئەمریکا و کۆماری ئیسلامیدا نییە و ئێران هەموو پێشنیارەکانی بۆ گفتوگۆ ڕەت کردووەتەوە.
لەمبارەوە برایان هۆک، نوێنەری وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا بۆ کاروباری ئیران بە تۆڕی میدیایی (ئەلعەرەبییە)ی ڕاگەیاندووە: "ئێران چەندین جار پێشنیازی گفتوگۆ و گەڕانەوە بۆ سەر ڕێکارە دیپلۆماتیکەکانی لەلایەن ئەمریکاوە ڕەت کردووە و ئێستا هیچ پردێکی پەیوەندی و گفتوگۆ لە نێوان واشنتۆن و تاران لە ئارادا نییە".
دۆناڵد ترەمپ، سەرۆک کۆماری ئەمریکا کە ساڵی رابردوو لە ڕێککەوتنی ئەوتۆمی لەگەڵ ئێران کشایەوە، داوای گفتوگۆ و دانوستانی لە ئێران کرد تاکوو ڕێککەوتنێکی فراوان و باشتر بکرێت، بەڵام ئێران هەموویانی ڕەت کردووەتەوە و عەلی خامنەیی ڕێبەری کۆماری ئیسلامی ئاشکرای کردووە دۆناڵد ترەمپ بە شیاوی ئەوە نازانێ هیچ پەیامێکی لەگەڵ ئاڵۆگۆڕ بکات.
پێشتر دۆناڵد ترەمپ ڕای گەیاندبوو، ئامادەیە بەبێ هیچ مەرجێک لەگەڵ ڕێبەرانی ئیران گفتوگۆ بکات. هاوکات مایک پۆمپیۆ، وەزیری دەرەوەی ئەمریکا 12 داواکاریی بۆ "گۆڕینی ڕەفتار"ی ئێران خستووەتە ڕوو کە کۆمەڵێک لەو ئاستەنگانەی نێوان ئێران و ئەمریکان کە گرنگترینیان بەرنامەی ناوکی و مووشەکی و هێرشە تەکنۆلۆجیاکان و حزووری تێکدەرانەی ئێرانە لە ناوچەکەدا.
باسنيوز
