هیندستان ناوچەیەکی کێشەلەسەری کشمیر بۆردومان دەکات
کاتژمێر 3ـی بەرەبەیانی ئەمڕۆ سێشممە 26-2-2019، 12 فڕۆکەی جەنگیی میراج 2000، بۆردومانێکی سەختی بنکەیەکی گرووپێکی توندڕەوی کشمیریان کرد.
ئەو بنکەیەی ئەو گرووپە توندڕەوە کەوتبووە هەرێمی کشمیر، کە ناوچەیەکی کێشەلەسەرە و هەردوو وڵاتی هیندستان و پاکستان بە خاکی خۆیانی دەزانن و خەڵکی ناوچەکەش خۆیان داوای سەربەخۆیی دەکەن.
بەپێی هەواڵێکی ئاژانسی (رۆیتەرز)، سوپای پاکستان رایگەیاندووە، فڕۆکە جەنگییەکانی هیندستان ئاسمانی وڵاتەکەیان بەزاندووە، بەڵام بۆردومانەکەیان هیچ زیانێکی گیانی لێ نەکەوتووەتەوە.
پاکستان وڵاتێکی ئیسلامییە و خاوەن چەکی ناوکییە. بەهۆی هەرێمی کشمیرەوە، کە کەوتووەتە نێوانیان، کێشەی لەگەڵ هیندستان هەیە، کە بە هەمان شێوە وڵاتێکی خاوەن چەکی ناوکییە.
باسنیوز
