ڤێتنام بڕیاری دەرکردنی کیم جۆنگ ئونی ساختە دەدات
هاوشێوەکەی کیم جۆنگ ئون لەڕێگای گەڕانەوەی بۆ وڵاتەکەی، لە فڕۆکەخانەی هاوای بە رۆژنامەنووسانی راگەیاندووە، کە حکوومەتی ڤێتنام بڕیاری دەرکردنی ئەوی لەسەر خاکی ڤێتنام، داوە.
پێشتریش لەکاتی کۆبوونەوەی یەکەمی سەرۆکی ئەمریکا و کۆریای باکوور، ئەو دوو هاوشێوەیەی دۆناڵد ترەمپ و کیم جۆنگ ئون سەردانی سەنگافورەیان کردبوو و چەندین لێدوانی گاڵتەئامێزیان دابوو.
بڕیارە لە رۆژانی 27 و 28ـی ئەم مانگە، کیم جۆنگ ئونی سەرۆکی کۆریای باکوور و دۆناڵد ترەمپی سەرۆکی ئەمریکا، بۆ جاری دووەم، لە هانۆی پایتەختی ڤێتنام کۆ ببنەوە و سەرۆکی کۆریای باکوور بە شەمەندەفەرێکی گوللەنەبڕ بەرەو ڤێتنام بەڕێ کەوتووە.
ئەو سەردانەی کیم جۆنگ ئون دووەم سەردانی سەرۆکی کۆریای باکوورە بۆ ڤێتنام و یەکەم سەردانیش لە ساڵی 1964 لەلایەن کیم ئیل سۆنگی سەرۆکی ئەوکاتی کۆریای باکوور و باپیرەی کیم جۆنگ ئون، ئەنجام درا.
رۆژی 20-2-2019، ئاژانسی (رۆیتەرز) لە زاری سەرچاوەکانییەوە بڵاوی کردەوە، کە کیم جۆنگ ئون بە شەمەندەفەرێکی تایبەت وڵاتەکەی بەجێ دەهێڵیت و بە وڵاتی چینەوە بە زیاتر لە 60 کاتژمێر، دەگاتە وێستگەی دونگ دانگ لە سەر سنووری ڤێتنام.
رۆژی 12-6-2018 بۆ یەکەم جار، کیم جۆنگ ئونی سەرۆکی کۆریای باکوور و دۆناڵد ترەمپی سەرۆکی ئەمریکا لە سەنگافورە کۆبوونەوە و رێککەوتنێکیان واژۆ کرد.
گرنگترین خاڵی رێککەوتنەکە، بەڵێنی کیم جۆنگ ئون بوو بە داماڵینی وڵاتەکەی لە چەکی ناوکی و راگرتنی هەموو بەرنامە و تاقیکردنەوە ناوکییەکان.
لە سەردەمی جەنگی جیهانیی دووەمدا (1939-1945)، سوپای یابان دەستی بەسەر باشووری نیمچە دوورگەی کۆریادا گرت و سوپای رووسیاش دەستی بەسەر باکووری نیمچە دوورگەکەدا گرت. دوای کۆتایی هاتنی جەنگەکەش، هەر یەکە لەو دوو بەشە، بوونە وڵاتێکی سەربەخۆ، بەشە باکوورییەکە چووە ناو بەرەی یەکێتیی سۆڤیەت و بەشە باشوورییەکەش چووە ناو بەرەی یابان و ئەمریکا.
باسنيوز
