سەرۆکی فەرەنسا سەردانی دوو وڵاتی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست دەکات

 سەرۆکی فەرەنسا سەردانی دوو وڵاتی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست دەکات
سەرۆکی فەرەنسا سەردانی دوو وڵاتی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست دەکات و چاوەڕێ دەکرێ سەردانی هەولێریش بکات.

ئەمرۆ پێنجشەممە 1/11/2018، رۆژنامەی (لۆ فیگارۆ)ی فەرنسی بڵاوی کردووەتەوە، کە ئیمانوێڵ ماکرۆن، سەرۆکی فەرەنسا لە مانگی 2ـی 2019 سەردانی لوبنان و عێراق دەکات، کە یەکەم سەردانیەتی بۆ ئەو دوو وڵاتە.

چاوەڕێ دەکرێ دوای سەردانەکەی بۆ بەغدا، ئیمانوێڵ ماکرۆن سەردانی شاری هەولێری پایتەختی هەرێمی کوردستان بکا و لەگەڵ بەرپرسانی باڵا و سەرکردایەتیی سیاسیی کوردستان کۆ ببێتەوە.

هەروەک رۆژنامەکە بڵاوی کردووەتەوە، سەرۆکی فەرەنسا سەردانەکەی لە رۆژانی 11-14ـی مانگی 2ـی 2019 ئەنجام دەدات.

دوای داگیرکردنی کەرکووک لەلایەن میلیشیاکانی حەشدی شەعبی و شکست پێ هێنانی داگیرکاریی ئەو میلیشیایانە لە پردێ و مەحمودییە لەلایەن هێزەکانی پێشمەرگەی کوردستانەوە، فەرەنسا رۆڵێکی کاریگەری لە هێورکردنەوەی بارودۆخەکە گێڕا.

هەروەها دوای پیلانگێڕیی نێودەوڵەتی دژی گەلی کوردستان لە دوای ریفراندۆمی سەربەخۆیی کوردستان لە 25ـی ئەیلوولی 2017، ئیمانوێڵ ماکرۆن یەکەم سەرۆکی وڵاتان بوو پشتی لە کوردستان نەکرد و نێچیرڤان بارزانی، سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستانی بە فەرمی بانگهێشتی پاریس کرد و لە پرێس کۆنفرانسێکدا، ئاڵای کوردستانی بەرز کردەوە.

فەرەنسا پەیوەندییەکی بەهێزی لەگەڵ کوردستان هەیە و لە سەردەمی شۆڕشی رزگاریخوازی کوردستان لە سەدەی رابردووەوە، هاوکاریی گەلی کوردستان دەکات. هەروەها لە ساڵی 1991، فەرەنسا بووە هۆی دەرکردنی بڕیاری 688ـی ئەنجومەنی ئاسایشی نێودەوڵەتی، کەتایبەت بوو بە پاراستنی گەلی کوردستان لە سوپای بەعسی داگیرکەر.

لە دوای هێرش و داگیرکاریی رێکخراوی تیرۆریستی داعشیش بۆ سەر کوردستان، فەرەنسا بە بۆردومانکردنی ئاسمانیی بنکەکانی داعش، ناردنی چەک و تەقەمەنی و مەشقکردن بە هێزەکانی پێشمەرگەی کوردستان، هاوکاریی هەرێمی کوردستانی کرد.

لە مانگی 6ـی 2014، نزیکەی دوو هەزار چەکداری رێکخراوی تیرۆریستی داعش لە سووریاوە دزەیان کردە ناو خاکی عێراق و لە ماوەی چەند رۆژێکدا، هەرەسیان بە سوپای عێراق هێنا و زۆربەی ناوچەکانی پارێزگاکانی نەینەوا، دیالە، سەڵاحەدین و ئەنباریان داگیر کرد.











باسنيوز
Top