گەورەترین فڕۆكەخانەی جیهان ئەمڕۆ لە ئیستانبوڵ دەكرێتەوە
ئاژانسی ئەنادۆڵی فەرمی توركیا بڵاویكردەوە، دوایین ئامادەكارییەكانی كردنەوەی فڕۆكەخانەی نوێی ئیستانبوڵ گەیشتووەتە قۆناغی كۆتایی كە بڕیارە سبەی دووشەممە 29ی تشرینی یەكەم لە جەژنی كۆماردا بكرێتەوە و دوای ئەوەی كە بەتەواوەتی تەواوبوو دەبێتە گەورەترین فڕۆكەخانەی جیهان.
ئاماژەی بەوەشكردووە، ئەمڕۆ دووشەممە فڕۆكەخانەكە بە ئامادەبوونی میوانان لە سەرانسەری جیهانەوە دەكرێتەوە، و رێورەسمی كردنەوەی فڕۆكەخانەكە بە شێوەیەكی راستەوخۆ دەگوازرێتەوە و لە سەرانسەری جیهانەوە دەتوانرێت ببینرێت.
فڕۆكەخانەكە لەسەر رووبەری 76 ملیۆن و 500 ھەزار مەتر چوارگۆشە بونیات دەندرێت و بۆ كردنەوەی یەكەم ھەنگاوی بە بڕی شەش ملیار یۆرۆ وەبەرھێنان كراوە. قۆناغەكانی دیكەی فڕۆكەخانەكەش كە پەیوەندیدارە بە زیادكردنی ژمارەی گەشتیاران تاكو 2023 تەواو دەبێت.
فڕۆكەخانەكە كە لە بری ئەوەی بە سەرچاوەی گشتیی بونیاد بندرێت بە مۆدێلی ئەنجام بدە-وەگەڕ بخە- رادەست بكە بە سەرچاوەكانی كەرتی تایبەت بونیات نراوە، دوای تەواوبوونی شەش فڕگەی سەربەخۆ، شوێنی 500 فڕۆكە، گەراجی كراوە و داخراو كە جێگای 70 ھەزار ئۆتۆمبێل و ئامێری تیادا دەبێتەوە، ساڵانەش جێی 200 ملیۆن گەشتیاری تیادا دەبێتەوە، بەمجۆرەش دەبێتە گەورەترین فڕۆكەخانە لەسەر ئاستی جیهان.
دوای ئەوەی تا كۆتایی ساڵ گواستنەوە تەواو دەبێت دەتواندرێت رۆژانە دوو هەزار جار نیشتنەوە و فڕین ئەنجام بدرێت، زیاتر لە 350 فڕین بۆ شوێنی مەبەست ئەنجام بدرێت، فڕۆكەخانەكە دەرفەتی كاركردن بۆ 250 كۆمپانیای گەشتیاری و فڕۆكەوانی دەڕەخسێنێت.
لە لایەكی دیكەیشەوە تا كۆتایی ساڵ لەسەدا 50 داشكان لە نرخی گواستنەوەی ئامێرەكانی گواستنەوەی گشتییدا دەكرێت لە فڕۆكەخانەكەوە بۆ ناو شاری ئیستانبوڵ و راگرتنی ئۆتۆمبێل لە گەراجەكانی ناو فڕۆكەخانەكەش بێبەرامبەر دەبێت.
خەندان
