وەزیری دەرەوەی ئێران ئەمڕۆ سەردانی تورکیا دەکات

 وەزیری دەرەوەی ئێران ئەمڕۆ سەردانی تورکیا دەکات
بڕیارە ئەمڕۆ دووشەممە مەحەمەدجەواد زەریف وەزیری دەرەوەی ئێران سەردانی ئەنقەرە بکات و لەبارەی هەندێ پرسی تایبەت بە سووریا و پەیوەندییەکانی نێوان تورکیا و ئێران لەگەڵ بەرپرسانی باڵای ئەو وڵاتە گفتوگۆ بکات.



بەهرام قاسمی، گوتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئێران لە کۆنفرانسێکی ڕۆژنامەنووسیدا ئاشکرای کرد، ئەمڕۆ وەزیری دەرەوەی ئێران بۆ بەشداری لە شەشەمین کۆبوونەوەی وڵاتانی تورکیا، ئێران و ئازەربایجان ئەمڕۆ دووشەممە 2018/10/29 سەردانی ئەنقەرە دەکات و لە پەراوێزی ئەو کۆبوونەوەیەدا لەگەڵ بەرپرسانی ئەو وڵاتە کۆ دەبێتەوە.



هەرچەند پێشتر تورکیا بەهۆی ئەو کێشە و ململانێیانەی کە لەگەڵ ئەمریکا هەیبوو، جەختی دەکردەوە بەو گەمارۆ ئابوورییانەی کە ئەمریکا خستوویەتە سەر ئێران پەبەند نابێت و لە هاوردەی نەوتی ئێران بەردەوام دەبێت.



ئەم سەردانەی محەمەدجەواد زەریف، بۆ ئەنقەرە لە کاتێک دایە کە بەهۆی گوشار و گەمارۆ ئابوورییەکانی ئەمریکا بۆ سەر ئێران، عێراق بڕیاری داوە لەمەودوا نەوتی کەرکووک بۆ ئێران ڕابگرێت و لەڕێگەی بۆریی هەرێمی کوردستانەوە ڕەوانەی بەندەری جەیهانی تورکیا بکرێت و بەم کارەش ئیدی تورکیا پێویستی بە هاوردەی نەوتی ئێران نامێنێت و لەمبارەوە هەم حکوومەتی عێراق و هەم تورکیا بەم کارە قازانج دەکەن، هەرچەند هەرێمی کوردستان لەمبارەوە داهاتی نابێت، بەڵام لەڕووی سیاسی و پەیوەندیی دیپلۆماسییەوە لەگەڵ تورکیا قازانج دەکات.






باسنيوز
Top