ترامب سزا بەسەر میلیشیای حزبوڵڵای لوبنانیدا سەپاند
رۆژی هەینی 26/10/2018، دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا پرۆژەبڕیاری سزادانی هەموو ئەو کەس و لایەنانەی واژۆ کرد، کە بەشێکن لە سەرچاوە داراییەکانی حزبوڵڵا و چەکیشی بۆ دابین دەکەن.
ئەو سزا نوێیانە رێگریی لە بەهێزبوونی حزبوڵڵا لەڕووی چەکدارکردنەوە دەکات و سەرچاوە داراییەکانی ئەو میلیشیایە کۆت و بەند دەکات.
کۆشکی سپی. (کۆشکی سەرۆکایەتیی ئەمریکا) رایگەیاندووە، ئەو کەس و لایەنە بیانییانە، کە ناویان لە لیستەکانی بازرگانیکردن بە ماددە هۆشبەرەکان و ئەنجامدانی تاوانی رێکخراوەوە هەیە و پەیوەندییان بە حزبوڵڵا هەیە، چیتر ناتوانن ئەو میلیشیایە پارەدار بکەن.
جگە لە سەپاندنی سزا بەسەر ئەو کەس و لایەن و حکوومەتانەی هاوکاریی حزبوڵڵا دەکەن، ئەوانە ناتوانن داوای ڤیزای ئەمریکاش بکەن.
ئەگەرچی لە پرۆژەبڕیارەکەدا ناوی هیچ وڵاتێک نەهێندراوە، بەڵام چاودێران پێیان وایە ئەو سزایانە زۆرتر بۆ بەرپرسانی باڵای کۆماری ئیسلامیی ئێرانە.
حزبوڵڵا میلیشیایەکی شیعەمەزهەبی لوبنانییە و حەسەن نەسروڵڵای ئەمینداری گشتییی ئەو حزبە چەندین جار ئاماژەی بەوە کردووە، کە ئێران پارە و چەکیان بۆ دابین دەکات.
باسنیوز
