فەرماندەیەکی باڵای ئەمریکا سەردانی رۆژهەڵاتی سووریا دەکات

 فەرماندەیەکی باڵای ئەمریکا سەردانی رۆژهەڵاتی سووریا دەکات
فەرماندەیەکی سەربازیی باڵای ئەمریکا سەردانی رۆژهەڵاتی سووریا دەکات و بۆ یەکەمجار دەرگا بەڕووی رۆژنامەنووساندا دەکاتەوە.



رۆژی سێشەممە 23/10/2018، جەنەڕال جۆزێف ڤۆتێل، فەرماندەی فەرماندەیی ناوەندیی هێزەکانی ئەمریکا لە رۆژهەڵاتی ناوەڕاست سەردانی بنکەی سەربازیی (تەنەف)ی لە رۆژهەڵاتی سووریا و لە نزیک سنوورەکانی عێراق، کردووە.



بۆ یەمەکجار دوای چوار ساڵ، جەنەڕال جۆزێف ڤۆتێل رێگای بە رۆژنامەنووسان داوە بچنە ناو بنکە سەربازییەکە، بەڵام داوای لێکردوون تا ساتی رۆیشتنی، هەواڵ و وێنەکانی ناو بنکە سەربازییەکە بڵاو نەکەنەوە.



ئەو سەردانەی ئەو فەرماندە ئەمریکییە بۆ رۆژهەڵاتی سووریا و نزیک سنوورەکانی عێراق بە تەحەدایەکی گەورەی ئەمریکا بەرامبەر کۆماری ئیسلامیی ئێران دادەندرێت، چونکە ئێران لەڕێی میلیشیا شیعەمەزهەبەکانەوە هەوڵی کۆنتڕۆڵکردنی سنوورەکانی نێوان عێراق و سووریا دەدات.



بنکەی سەربازیی تەنەف لەساڵی 2014 لەلایەن هێزەکانی ئەمریکاوە لەچوارچێوەی هاوپەیمانیی نێودەوڵەتی دژی رێکخراوی تیرۆریستی داعش و بۆ شەڕی ئەو رێکخراوە تیرۆریستییە و مەشقکردن بە هێزەکانی سووریای دیموکراتی (هەسەدە)، لە باشووری رۆژهەڵاتی سووریا کراوەتەوە.



لە سەرەتای شەڕی ناوخۆیی سووریاوە، کۆماری ئیسلامیی ئێران بە ناردنی چەک و چەکدار، پاڵپشتیی رژێمی سووریا دەکات و حکوومەتی تورکیش پاڵپشتیی گرووپە چەکدارییەکانی سوپای سووریای ئازاد (ئۆپۆزیسیۆن) دەکات.



هەسەدە هێزێکی سەربازییە و بە پشتیوانیی ئەمریکا بۆ رزگارکردنەوەی ناوچە داگیرکراوەکانی رۆژئاوای کوردستان و سووریا لە رێکخراوی تیرۆریستی داعش، پێکهاتووە. یەکینەکانی پاراستنی گەل (یەپەگە)ی باڵی سەربازیی پارتی کرێکارانی کوردستان (پەکەکە) لە رۆژئاوی باڵی سەرەکیی ئەو هێزەیە.



لە مانگی ئاداری 2011ـەوە شەڕی ناوخۆیی لە سووریا لەنێوان گرووپەکانی ئۆپۆزیسیۆن، رێکخراوە تیرۆریستییەکانی داعش و قاعیدە و رژێمی سووریا دروست بووە.



بەھۆی ئەو شەڕانەوە، کە سەراپای وڵاتەکەی گرتووەتەوە، زیاتر لە پێنج ملیۆن ھاووڵاتیی لە ناوخۆی وڵاتەکە، بۆ وڵاتانی دەوروبەر و جیھان ئاوارە بوون و زیاتر لە نیو ملیۆن کەسیش گیانیان لەدەست داوە.




باسنيوز
Top