ئەمریکا دووباره هۆشداری بە کڕیارانی نەوتی ئێران دەدات
بەپێی ڕاپۆرتی دەنگی ئەمریکا، ستیۆن منوچین، بە میدیاکانی ڕاگەیاندووە :"دەبێ ئەو وڵاتانەی کڕیاری نەوتی ئێرانن، بە زیاتر لە 20٪ی ساڵانی 2013 تا 2015 پابەند بن و هاوردەی نەوتی ئێران کەم بکەنەوە، تاکوو لێخۆشبوونەکانی ئەمریکا بیانگرێتەوە، دەنا دەکەونە چوارچێوەی سزا و گەمارۆکانی ئەمریکاوە.
ئەو وەزیرە ئەمریکییە جەختی کردووەتەوە کڕیارانی نەوتی ئێران لە ئەنجامدا ناچار دەبن هاوردەی نەوتی ئێران بگەیەننە سفر.
وەزیری خەزێنەدارایی ئەمریکا، باسی لە پێشگیریی لە دەسپێڕاگەیشتنی ئێران بە سیستەمی بانکیی (سووئیفت) دەکات، سوئیفت سیسەمێکی نێودەوڵەتیی پارەیە کە ئاڵووێرە داراییە فراوانەکان لەو ڕێگەیەوە جێبەجێ دەکرێن.
بڕیارە ڕێکەوتی چواری مانگی داهاتوو (نۆڤەمبەر) خولی دووەمی گەمارۆکانی ئەمریکا بەتایبەتی بۆ سەر کەرتی نەوتی ئێران دەست پێ بکات و بەڕای کارناسانی ئابووری، بەهۆی ئەو بارودۆخە دژوارە ئابووری، بێکاری و گرانییەی کەلە ئێران هەیە، ڕەوشی ئەو وڵاتە خراپتر ببێت و ناڕەزاییەکان سەرهەڵبدەنەوە.
باسنیوز
