ناتنیاهو : سوورین لەسەر ئەوەی هێرشبکەینە سەر دامەزراوەکانی ئێران لە سووریا بە حزبوڵڵاشەوە

ناتنیاهو :  سوورین لەسەر ئەوەی هێرشبکەینە سەر دامەزراوەکانی ئێران لە سووریا بە حزبوڵڵاشەوە
سەرەتای ئەم مانگە رووسیا سیستمی مووشەکیی ئێس-300ی دایە سووریا، سێ رۆژ لەمەوبەریش سیستمی ئێس-300 پی ئێم-2 ی بەخشییە دیمەشق، ئەمەش مەترسی ئێرانی بۆ سەر ئیسرائیل زیادترکردووە.

ئەگەرچی مۆسکۆ خستنە خوارەوەی فڕۆکە سەربازییەکەی کردە بیانو تاکو ئەو سیستمە پێشکەوتوانە بداتە سووریا، بەڵام ئەوەی زیاتر ئیسرائیلی نیگەران کردووە ئەوەیە، ئەگەری هەیە رێکخراوی حزبوڵڵا سوودمەند بێت لە بەکارهێنانی تەکنەلۆجیا و سیستمی راداری چەکە رووسییەکان، تاکو زیاتر ئامانجەکانیان لەناو خاکی ئیسرائیل بپێکن.

د. مێیر لیتڤاک، بەڕێوەبەری سەنتەری هاوپەیمانان بۆ شیکاری سیاسەتەکانی ئێران لەو بارەیەوە رایگەیاند: "ناردنی سیستمە بەرگرییەکان رووسییەکان بۆ سووریا، ناردنی چەکی لەلایەن ئێرانەوە بۆ حزبوڵڵا زیاترکردووە".

د. لیتڤاک دەشڵێت: "ئیسرائیل دەتوانێت لەگەڵ هەڕەشەکانی سیستەمە رووسییەکان هەڵبکات، بەڵام کێشەکە ئەو کاتە دەستپێدەکات کە زانیاری لەبارەی فڕۆکە ئیسرائیلییەکان لەلایەن رووسەکانەوە بدرێتە حکوومەتی سووریا".

ئەو بەڕێوەبەرە پێشی وایە: "لە ئێستادا ئامانجی مووشەکەکانی حزبوڵڵا رێک و تەواو نییە، بەڵام ئەگەر بتوانن سوود لەو سیستمانە وەربگرن، ئەوا دەتوانن هەڕەشە بۆ فڕۆکەخانە، وێستگەی کارەبا و وێستگە ئەتۆمییەکانی ئیسرائیل دروستبکەن".

بەگوێرەی هەواڵێکی رۆژنامەی جەروسلم پۆست، بێنیامین نەتەنیاهو لە کۆڕی گشتی نەتەوە یەکگرتووەکان زیادبوونی هەڕەشەکانی حزبوڵڵای بۆ سەر وڵاتەکەی ئاشکرا کردووە، دەشزاندرێت کە لە ئێستادا حزبوڵڵا 100 هەزار مووشەکی هەیە کە زۆریان بۆ بەرگریکردن لەخۆیان بەکاریدەهێنن.

ئیسرائیل سوورە لەسەر ئەوەی هێرشبکاتە سەر دامەزراوەکانی ئێران لە سووریا بە حزبوڵڵاشەوە، بەڵام بڕیارە بۆ ئەو مەبەستە جارێکی دیکە لەگەڵ ڤلادمیر پوتن، سەرۆکی رووسیا، کۆببێتەوە، تاکو لەگەل مۆسکۆ دووچاری کێشەی گەورەتر نەبن.




K24 –
Top