سەرۆكایەتی كۆماری توركیا: ئەردۆغان و ترەمپ لەبارەی خاشقچی-یەوە رێككەوتن

سەرۆكایەتی كۆماری توركیا: ئەردۆغان و ترەمپ لەبارەی خاشقچی-یەوە رێككەوتن
نوسینگەی سەرۆكایەتی كۆماری توركیا بڵاویكردەوە، دۆناڵد ترەمپ، سەرۆكی ویلایەتە یەكگرتووەكانی ئەمەریكا و رەجەب تەیب ئەردۆغان، سەرۆك كۆماری توركیا پەیوەندی تەلەفۆنیان ئەنجامداوە، رێككەوتوون لەسەر ئەوەی وردەكاری رووداوی خاشقچی ئاشكرابكەن.

نوسینگەی سەرۆكایەتی كۆماری توركیا بەیانی ئەمڕۆ دووشەممە لە راگەیەندراوێكدا بڵاویكردەوە، شەوی رابردوو ئەردۆغان و ترەمپ بە تەلەفۆن لەبارەی دۆسیەی كوشتنی رۆژنامەنوسی سعودی جەمال خاشقچی گفتوگۆیان كردووە، هەردوو "رێككەوتوون لەسەر ئەوەی وردەكاری رووداوی كوشتنی خاشقچی ئاشكرابكەن".

ئاماژەی بەوەشكراوە، ئەردۆغان و ترەمپ هەروەها باسیان لە گرنگی رێككەوتنی ئیدلب و جێبەجێكردنی نەخشە رێگای مەنبج كردووە.

لە راگەیاندراوەكەی سەرۆكایەتی كۆماری توركیادا هاتووە، لە پەیوەندییە تەلەفۆنییەكەی ئەردۆغان و ترەمپ باسیان لە بەڕێوەچوونی پڕۆسەی یاسایی دۆسییەی قەشە ئەندرۆ برنسن و رووبەڕووبونەوەی تیرۆر كردووە.

شەممەی رابردوو داواكاری گشتی سعودیە مردنی جەمال خاشقچی راگەیاندو و دەڵێت، 18 هاوڵاتی سعودیی لەسەر دۆسییەكە دەستگیركراون و هاوكات جێگری سەرۆكی دەزگای هەواڵگری سعودیەش لە كارەكەی دورخرایەوە.

بەپێی بەیاننامەی فەرمی داواكاری گشتی سعودیە، جەمال خاشقچی گیانی لەدەستداوەو هۆكارەكەشی شەڕی ناو كونسوڵخانەی سعودیە بووە لە ئیستەنبوڵ.

لەلایەكی دیكەوە لەگەڵ راگەیاندنی مردنی خاشقی بە فەرمی، جێگری سەرۆكی دەزگای هەواڵگری ئەو وڵاتە لە پۆستەكەی دوور خرایەوە، و ١٨ سعودیش لە ئیستەنبوڵ دەستگیركراون.





خەندان
Top