خامنەیی: ئێران تووشی قۆناغیکی هەستیار بووە
رۆژی پێنجشەممە 4/10/2018، ئایەتوڵڵا عەلی خامنەیی، رێبەری باڵای ئێران لە وتارێکدا بۆ سەرباز و فەرماندەکانی سوپای وڵاتەکەی، رایگەیاندووە، ”گەلەکەمان شکست قبوڵ ناکات“.
عەلی خامنەیی ئەو بارودۆخەی ئێستای وڵاتەکەی بە ”قۆناغێکی هەستیار“ بۆ ئێرانییەکان بەهۆی سزاکانی ئەمریکا و قەیرانە داراییەکانی وڵاتەکەی، ناو دەبات.
چەند مانگێکە پەیوەندییەکانی تاران و واشنتن گەیشتوونەتە خراپترین ئاست و ئەمریکا ژمارەیەک سزای بەسەر ئێراندا سەپاندووە.
دوای کشانەوەی ئەمریکا لە رێککەوتننامەی ناوکی و سەپاندنی چەندین سزا بەسەر ئێران، دۆناڵد ترەمپ هەڕەشەی لە هەموو ئەو وڵات و لایەنانە کرد، کە یان دەبێ بچنە بەرەی ئێران یاخود پابەندی سزاکانی ئەمریکا بن بەسەر ئێران.
شەوی 8/5/2018، دۆناڵد ترەمپی سەرۆکی ئەمریکا بڕیاری کشانەوەی وڵاتەکەی لە رێککەوتنی ناوکیی ئێران و وڵاتانی پێنج + یەک، واژۆ کرد.
رێککەوتنی ناوکیی ئێران و وڵاتانی پێنج + یەک لە سەرەتای نیسانی 2015 لە شاری لۆزان لە سویسڕا واژۆ کرا، کە بەپێی ئەو رێککەوتنە ئێران دەستبەرداری دروستکردنی چەکی ناوکی دەبێت و ئەمریکاش سزاکانی لەسەر ئەو وڵاتە سووک دەکات.
وڵاتانی پێنج + یەک بریتین لە پێنج وڵاتی ئەندامی هەمیشەیی ئەنجومەنی ئاسایشی نێودەوڵەتی (ئەمریکا، فەرەنسا، رووسیا، بەریتانیا و چین) و ئەڵمانیا پێک دێت.
باسنیوز
