یەکەم فڕۆکەی 35 -F لە ئەمریکا کەوتە خوارەوە
بەپێی ڕاپۆرتی تۆڕی هەواڵی (CNN) بەرپرسێکی سەربازیی ئەمریکی ڕای گەیاندووە فڕۆکەوانی ئەو فڕۆکەیە توانیویە بە پەرەشووت خۆی ڕزگار بکات، بەڵام بە سووکی بریندار بووە.
بەپێی هەمان سەرچاوە ئەو فڕۆکەیە پێشتریش تووشی ڕووداو ببوو، ئەو بەرپرسە سەربازییە ئاماژەی بەوەش کردووە ئەوە یەکەم جارە فڕۆکەی F-35Bی ئەمریکی دەکەوێتە خوارەوە.
هاوکات چەکدارانی هێزی تایبەتیی سوپای ئەمریکاش ئەم هەواڵەیان پشتڕاست کردووەتەوە و جگەلە برینداربوونی فڕۆکەوانەکە هیچ کەسێکی مەدەنی لەو ڕووداوەدا نەبووەتە قوربانی.
فڕۆکەی جەنگیی F-35B نوێترین و گرانترین فڕۆکەری شەڕکەری ئەمریکییە. هەر فڕۆکەیەکی ئێف 35 بەهاکەی 115.5 ملیۆن دۆلارە و ئێف 35 تەنیا فڕۆکەیە کە دەتوانێ بە شێوەی ئەستوونی و هاوشێوەی کۆپتەر بفڕێت و هەستانەوەیان زۆر خێراتر و کورتترە لە فڕۆکە جەنگییەکانی دیکە.
فڕۆکەی ڕادار تێپەڕی ئێف 35 یەکێک لەو فڕۆکانەیە کە تێچوویەکی زۆری هەڵگرتووە و سیستەمی تەکنیکیی ئەو جۆرە فڕۆکەیە لە مێژووی ئەمریکادا بە گرانترین کەلوپەلی سەربازی ناسراوە، بۆیە ڕەوت و کاتی بەرهەمهێنانی چەنین جار دوا کەوتووە.
bas news-
