مۆسکۆ مووشەکی دژەئاسمانی رادەستی دیمەشق دەکات
سێرگی لاڤرۆڤ، وەزیری دەرەوەی رووسیا لە پرێس کۆنفرانسێکدا لە نیویۆرک، رایگەیاندووە، رادەستکردنی مووشەکی دژەئاسمانیی (S300) بە رژێمی سووریا دەست پێ کردووە.
سێگری لاڤرۆڤ هۆشداریی داوەتە هەموو ئەو لایەنانەی هەوڵ دەدەن دژایەتیی رادەستکردنی ئەو مووشەکانە بە رژێمی سووریا دەکەن.
پێشتر لە 24/9/2018 سێرگی شۆیگۆ، وەزیری بەرگریی رووسیا رایگەیاندبوو، کە لە دوو هەفتەی داهاتوودا ئەو مووشەکە دژەئاسمانییە رادەستی رژێمی سووریا دەکەن.
لە مانگی ئەیلوولی 2015ـەوە، چەند یەکەیەکی سوپای رووسیا بە هێزی ئاسمانیی و زەمینیەوە بۆ پاڵپشتیی رژێمی سووریا لە شەڕی ناوخۆیی وڵاتەکەدا، لە بنکەی سەربازیی حومەیم لە پارێزگای لازقییە جێگیر بوون.
لە مانگی ئاداری 2011ـەوە شەڕی ناوخۆیی لە سووریا لەنێوان گرووپەکانی ئۆپۆزیسیۆن، رێکخراوە تیرۆریستییەکانی داعش و قاعیدە و رژێمی سووریا دروست بووە.
بەھۆی ئەو شەڕانەوە، کە سەراپای وڵاتەکەی گرتووەتەوە، زیاتر لە پێنج ملیۆن ھاووڵاتیی لە ناوخۆی وڵاتەکە، بۆ وڵاتانی دەوروبەر و جیھان ئاوارە بوون و زیاتر لە نیو ملیۆن کەسیش گیانیان لەدەست داوە.
باسنيوز
