رووسیا سیستمی بەرگری ئێس-300 لە سووریا جێگیر دەکات
وەزارەتی بەرگری رووسیا وەک وەڵامێک بۆ خستنەخوارەوەی فڕۆکەکەی لە ئاسمانی سووریا کە بووە هۆی کوژرانی 15 سەربازی رووسی، بڕیاردا لە ماوەی دوو هەفتە سیستمی بەرگری مووشەکی ئێس-300 لە سووریا جێگیربکات بەمەش کاریگەری گەورە لەسەر جوولە فڕۆکە سەربازییەکانی ئیسرائیل لە ئاسمانی سووریا دروستدەکات.
هەروەها مۆسکۆ بڕیاریداوە، چەکی زیاتر پێشکەش بە سووپای سووریا بکات تاکو بتوانێت زیاتر بەرگری لەخۆیبکات لە کاتی هێرشی ئیسرائیل بۆ سەر خاکی سووریا.
پێشتر، وەزارەتی بەگری رووسیا، ئیسرائیل بە پێدانی زانیاری هەڵە تۆمەتبار کردبوو و رایگەیاندبوو: "پێدانی زانیاری هەڵە دەربارەی ئەو ناوچانەی ئیسرائیل بۆردومانی دەکردن، رێگایان بە فڕۆکە رووسیەکە نەداوە بۆ ناوچەیەکی سەلامەت رێڕەوی بگۆڕێت".
جیالەوەش، رووسیا ئەو کارەی ئیسرائیلی بە پێچەوانەی رێککەوتنی ساڵی 2015 ـی هەردوولا لەبارەی هێرشی ئاسمانی لە سووریا زانی.
رۆژی سێشەممەی رابردوو 18/09/2018، وەزارەتی بەرگری رووسیا، هەواڵی خستنە خوارەوەی فڕۆکەیەکی رووسی بە مووشەکی سووپای سووریا بڵاوکردەوە و هۆکارەکەشی بۆ هێرشی فڕۆکەکانی ئیسرائیل بۆ چەند ناوچەیەکی شاری لازیقییەی سووریا گەڕاندەوە.
K24
