ئەمەریکا بە بەهای 200 ملیار دۆلار باجی بۆ چەندین بەرهەمی هاوردەکراوی چینی زیادکرد
ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمەریکا بە بەهای 200 ملیار دۆلار باجی بۆ چەندین بەرهەمی هاوردەکراوی چینی زیادکرد، بیانووی ئەمەریکییەکانیش بۆ ئەوە، مامەڵەی نایەکسانی چینە لەگەڵ ئەمەریکا.
بەگوێرەی هەواڵێکی بی بی سی، چینیش بە بەهای 60 ملیار دۆلار باجی بۆسەر چەند کەلوپەلێکی ئەمەریکی زیادکردووە و دەشڵێت: "ئەمەریکا گەورەترین جەنگی ئابووری لە مێژوودا بەرامبەر بە چین راگەیاندووە".
ئەمڕۆ دووشەممە چی روویدا؟
حکوومەتی ئەمەریکا، بە ریژەی 10% باجی لەسەر ئەو کەلوپەلانە زیادکرد کە کۆمپانیا ئەمەریکییەکان دەیهێننە نێو بازاڕەکانی ئەو وڵاتە.
ئەم بڕیارە نوێیە، 6 هەزار بەرهەمی جیاوازی وەک پیشەسازی رستن و چنین، برنج، جانتا و هەزارەها کەلووپەلی دیکە دەگرێتەوە و گەورەترین زیادکردنی باجە لە مێژووی ئەمەریکادا.
بەگوێرەی پلانەکانی ئەمەریکا، ئەگەر هەردوو وڵات نەگەنە رێککەوتن، رێژەی زیادکردنی باج لەسەر کەلوپەلی چینی لە 10% بۆ 25%ی لە سەرەتایی ساڵی 2019 زیاد دەکات.
بۆچی ئەمەریکا ئەم کارە دەکات؟
دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمەریکا، "دەیەوێت رێگا لە هەناردەی نایەکسانی چەند بەرهەمێکی ئەمەریکی بۆ چین بگرێت و هەلی کار لە وڵاتەکەی بپارێزێت".
لەگەڵ ئەمەش، چەند کۆمپانیایەکی ئەمەریکی زیانیان بەرکەوتووە و هۆشداری لە تێکچوونی گەشەی ئابووری جیهانی دەدرێت.
K24
