ئەمریکا: زۆرێک لە وڵاتان پەیوەندیی بازرگانییان لەگەڵ ئێران دەپچڕێنن
مایک پۆمپیۆ، ئەمڕۆ دووشەممە 2018/9//17 لە ئەکاونتی تایبەتیی خۆی لە تۆڕی کۆمەڵایەتیی (تویتەر) نووسیویە: "لە ڕێکەوتی 2018/11/4 کە گەڕی دووەمی گەمارۆکان بۆ سەر ئێران و بەتایبەت کەرتی نەوت و غاز و پترۆکیمیایە، کۆمەڵێک یاسا و ڕێوشوێنی جیاواز دەگیرێنە بەر کە هەر لایەن و وڵاتێک ڕەچاویان نەکات و درێژە بە پەیوەندیی بازرگانی لەگەڵ ئێران بدات، لەسەری جێبەجێ دەکرێت".
وەزیری دەرەوەی ئەمریکا ئاماژەی بەوەش کردووە: "هەر ئێستاش زۆرێک لە وڵاتان دەستیان کردووە بە کشانەوەییان لە ئێران".
دۆناڵد ترەمپ، سەرکۆماری ئەمریکا کە یەکێک لە دژبەرانی ڕێککەوتنی ئەتۆمی لەگەڵ ئێران بوو، بەهاری ڕابردوو بە بڕیارێک لەو ڕێککەوتنە کشایەوە و گەڕی یەکەمی گەمارۆکان بۆ سەر ئێران دەستیان پێکردووە و گەڕی سێیەم کە تەندتر و فراوانترە و کەرتەکانی نەوت و غاز دەگرێتەوە لە ناوەڕاستی وەرزی پاییزدا دەست پێدەکات و ئەمریکاش هۆشداری بەو وڵاتانە داوە کە ئەو گەمارۆیانە لەبەرچاو نەگرن.
لە گەڕی یەکەمی گەڕانەوەی گەمارۆکان بۆ سەر ئێران بە دەیان کۆمپانیای جۆراوجۆر لە کەرتەکانی، نەوت، فڕۆکەوانی، ئۆتۆمبێل، پیشەسازی و... لە ئێران کشاونەتەوە و ئەمەش کاریگەریی زۆری لەسەر ڕەوشی شپرزەی ئابووریی ئێران داناوە.
باسنیوز
