داوای داخستنی کەناڵێکی سەر بە ئێران دەکرێت

 داوای داخستنی کەناڵێکی سەر بە ئێران دەکرێت
چالاکوانانی کوێت داوای داخستنی کەناڵێکی تەلەڤزیۆنیی سەر بە میلیشیایەکی سەر بە کۆماری ئیسلامیی ئێران دەکەن.



رۆژی شەممە 15/9/2018، سالم زەهران، میدیاکاری لوبنانی لە کەناڵی (ئەلمەنار)ی سەر بە میلیشیای حزبوڵڵای لوبنانی رەخنەی لە میر سەباح ئەحمەد جابر ئەلسوباح، میری کوێت گرت.



سالم زەهران، کە خاوەنی سەنتەرێکی توێژینەوەیە، لە کەناڵەکەوە رایگەیاندبوو، لە نووسینگەی دۆناڵد ترەمپی سەرۆکی ئەمریکا داوایان لە میر سەباح ئەحمەد جابر ئەلسوباحح کرد سەردانی ئەمریکا بکات.



ئەو میدیاکارە لوبنانییە لەزاری ”سەرچاوەیەکی دیپلۆماسیی باڵا“وە رایگەیاندووە، کۆبوونەوەکە میری کوێت و ترەمپ پێنج خولەک بووە و تێیدا فەرمان بە میر کراوە لەماوەی 24 کاتژمێردا گرێبەستێکی وڵاتەکەی لەگەڵ چین هەڵبووەشێنێتەوە و گرێبەست لەگەڵ کۆمپانیا ئەمریکییەکان بکات و ئەویش رازی بووە.



رۆژی یەکشەممە 16/9/2018، سەعد حەریری، سەرۆک وەزیرانی لوبنان رایگەیاندووە، سالم زەهران ”زماندرێژی“ بەسەر میری کوێت کردووە و ئەوان وەک حکوومەتی لوبنان ئەو ”زماندرێژی“یە رەت دەکەنەوە.



دوای پەخشکردنی بەرنامەکە، چالاکوانانی کوێتی داوای داخستنی کەناڵی میلیشیای حزبوڵڵا دەکەن و داواش لە حکوومەتی وڵاتەکەیان دەکەن، نووسینگەی کەناڵەکە لە کوێت دابخات و پەیامنێرەکانیان دەربکات.



کەناڵی مەنار سەر بە حزبوڵڵای لوبنانییە، کە حزبوڵڵا میلیشیایەکی چەکداریی موسڵمانی شیعەمەزهەبە و لەلایەن ئێرانەوە پاڵپشتیی دارایی و لۆگیستی دەکرێت.




باسنیوز
Top