ئەردۆغان پۆستێکی باڵای دیکەی تورکیا بە خۆی دەدات

ئەردۆغان پۆستێکی باڵای دیکەی تورکیا بە خۆی دەدات


سەرۆک کۆماری تورکیا پۆستێکی باڵای دیکەی وڵاتەکەی بەخۆی دەدات و کەسێکی نزیکی خۆیشی دەکاتە جێگر.



رۆژی چوارشەممە 12/9/2018، رۆژنامەی فەرمیی تورکیا بڵاوی کردەوە، کە دەزگایەکی ئابووریی تورکیا بەناوی ”کۆمپانیای سندووقی سامانی سەرەوەریی تورکیا“ دروست کراوە.



بەپێی بڕیاری سەرۆکایەتیی کۆماری تورکیا، رەجەب تەییب ئەردۆغانی سەرۆک کۆماری ئەو وڵاتە خۆی بە سەرۆکی ئەو کۆمپانیایە داناوە و بەرات ئالبایراکی وەزیری دارایی وڵاتەکەشی وەک جێگری سەرۆکی کۆمپانیاکە دەست نیشان کردووە.



دامەزراندنی ئەو کۆمپانیایە، کە ئامانج لێی پاراستنی ئابووریی تورکیایە، هاوکاتە لەگەڵ قەیرانی ئابووری و دابەزینی بەهای لیرەی تورکی بەرامبەر دۆلاری ئەمریکی و دراوەکانی دیکەی جیهان.



لە سەرلەبەیانیی رۆژی چوارشەممە (ئەمڕۆ)، لە بازاڕی دراوەکان (بۆرسە) 100 دۆلاری ئەمریکی بەرامبەر 644.80 لیرەی تورکی مامەڵەی پێوە کرا.



دابەزینی بەهای لیرەی تورکی بەهۆی دروستبوونی کێشەیە لەنێوان ئەمریکا و تورکیا، کە زۆرتر بەهۆی قەشەیەکی ئەمریکییەوەیە.



کێشەکان زۆرتر بەهۆی دەستبەسەرکردنی قەشە ئەندرۆ برانسۆن لەلایەن هێزە ئەمنییەکانی تورکیاوە دروست بوون، کە حکوومەتی تورکیا بە سیخوڕیکردن بەسەر تورکیا و هاوکاریکردنی فەتحوڵڵا گیولەن، رێبەری بزووتنەوەی خزمەت، تۆمەتباری دەکات.



پێشتر دۆناڵد ترەمپی سەرۆکی ئەمریکا بەهۆی ناکۆکییەکانییەوە لەگەڵ تورکیا، بڕیاری لادانی بەخشینی تورکیای لە رسووماتە گومرگییەکان دابوو، بەمەش زیانێکی گەورەی دارایی بە کەلوپەلی هەناردەی تورکیا بۆ ئەمریکا دەگات، کە زیانەکە دەگاتە نزیکەی یەک ملیار و 700 ملیۆن دۆلار.



قەشە ئەندرۆ برانسۆن، کە قەشەیەکی ئەمریکییە و لە تورکیا دەژی، نزیکەی دوو ساڵە بە تۆمەتی هاوکاریکردنی گرووپی فەتحوڵڵا گیولەن، لە ماڵەکەی خۆی لە شاری ئیزمیر لە تورکیا، دەستبەسەر کراوە.



حکوومەتی تورکیا فەتحوڵڵا گیولەن بە پیلاندانان بۆ کودەتا شکستخواردووەکەی بەشێک لە فەرماندەکانی سوپای تورکیا لە تەمموزی 2016 تۆمەتبار دەکات و داوا لە ئەمریکا دەکات بینێرێتەوە تورکیا، کە ئێستا لە ویلایەتی پەنسلڤانیا دادەنیشێت.
bas news-
Top