رژێمی سووریا بە چەکی کۆکوژ هاووڵاتییانی ئیدلیب بۆردومان دەکات
رۆژی یەکشەممە 9/9/2018، سەرچاوە هەواڵییە عەرەبییەکان باسیان لەوە کردووە، کە بۆردومانەکە رۆژی شەممە 8/9/2018 کراوەتە سەر شارۆچکەی حاس لە باشووری پارێزگای ئیدلیب.
بۆردومانەکە لەڕێی فڕۆکە جەنگییەکانەوە بە بەرمیلی بۆمبڕێژکراو کراوەتە سەر نەخۆشخانەی شارۆچکەکە و بە تەواوی وێرانی کردووە و تا ئێستا ژمارەی قوربانییان نەزاندراوە.
لە سەرەتای شەڕی ناوخۆیی سووریاوە، رژێمی سووریا بەردەوام بە چەکی کۆکوژ و قەدەغکراو هاووڵاتییان و گرووپەکانی ئۆپۆزیسیۆن بۆردومان دەکات.
لە مانگی ئاداری 2011ـەوە شەڕی ناوخۆیی لە سووریا لەنێوان گرووپەکانی ئۆپۆزیسیۆن، رێکخراوە تیرۆریستییەکانی داعش و قاعیدە و رژێمی سووریا دروست بووە.
بەھۆی ئەو شەڕانەوە، کە سەراپای وڵاتەکەی گرتووەتەوە، زیاتر لە پێنج ملیۆن ھاووڵاتیی لە ناوخۆی وڵاتەکە، بۆ وڵاتانی دەوروبەر و جیھان ئاوارە بوون و زیاتر لە نیو ملیۆن کەسیش گیانیان لەدەست داوە.
باسنيوز
