سوید وەرگرتنی پەنابەران یەكلایی دەكاتەوە
لە سوید بەگشتی ئاستی بەشداری خەڵکەکە لە دەنگدان بەرزە، بەڵام بەپێی راپرسییەك لە کۆی 7 میلیۆن و نیو دەنگدەری وڵات بەشێكیان هێشتا خۆیان یەکلا نەکردووەتەوە کە لەم دەنگدانەدا بەشداری دەكەن یان نا. لەگەڵ ئەوەشدا پرسی کۆچبەران بۆ خەڵکی ئەم وڵاتە ئەوەندە گرنگە کە رەنگە زۆربەی دەنگدەرەکان بەشداری بکەن.
هاووڵاتییەكی سویدی دەڵێ: "ئەم هەڵبژاردنە ئەمە یەکلا دەکاتەوە کە ئایا سوید بەردەوام دەبێت لە وەرگرتنی پەنابەران یان نا. هەر بۆیەش ئێمە دەبێت بەشداری لە دەنگدان بکەین".
وەک پارتە سیاسییەکان جیاوازی بۆچوونی خەڵکەکەش لەسەر پرسی پەنابەران لە ساتەكانی پێش هەڵبژاردن یەکجار قووڵ بووەتەوە.
لەوبارەوە ھاووڵاتییەكی دیكەی سوید دەڵێت: "ئێمە زۆر هونەرمەند و سیاسەتوان و پزیشک و کرێکاری باشمان هەن کە لە وڵاتانی دیکەوە هاتوونەتە سوید. پێموایە پێویستە ئەمە بۆ خەڵک روون بکەینەوە کە ئەمانە خەڵکی باشن، بەڵام لە وڵاتەکانی خۆیان رووبەڕووی ئەزموونی تاڵ بوونەوە. ئەوان هیچ جیاوازییەکیان لەگەڵ ئێمە نییە".
بەگوێرەی حەوت راپرسی کە لەماوەی چەند رۆژی رابردوودا بڵاوکراونەتەوە، لەم هەڵبژاردنەدا بلۆکی چەپڕەو رەنگە لە 40% دەنگەکان و بلۆکی هاوپەیمانیی میانەڕەوەکان کە لە پارێزگار و لیبراڵ و کریستییەن دیموکراتەکان پێکدێت، رەنگە لە 37% دەنگەکان بە دەست بێنێت. هەردوولا بۆ پێكهێنانی حکوومەت، رەنگە پێویستیان بە پارتی دیموکراتەکانی سوید هەبێت کە بە پێی هەمان راپرسییەکان رەنگە لە 20% دەنگەکان مسۆگەر بکات. بەڵام ئەو پارتە لە دژی وەرگرتنی پەنابەرانە و داوا دەکات هەلومەرجی گونجاو بۆ کۆچبەران لە وڵاتەکانی خۆیان دەستبەر بکرێت و دواتر بگەڕێندرێنەوە.
لەگەڵ ئەوەشدا تائێستا هەر دوو بلۆکی چەپڕەو و میانەڕەو رەتی دەکەنەوە لەگەڵ دیموکراتەکانی سوید گفتوگۆ بکەن، چونکە بە پارتێکی نازییە نوێیەکان ناسراوە. ئەگەر راستڕەوەکانیش نەگەنە دەسەڵات، بەرزی بێکاری لەناو پەنابەران و سیستمی تەندروستیی و نۆرەی دوورودرێژ بۆ وەرگرتنی چارەسەری تەندروستی و کێشەی ئاسایش و تاوان دەبنە ئاستەنگی سەرەکی لەبەردەم حکوومەتی داهاتووی سوید.
K24
