شاندێکی ئەمریکا گەیشتە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست

 شاندێکی ئەمریکا گەیشتە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست
وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا بە بڵاوکردنەوەی ڕاگەیەندراوێک ئاشکرای کرد دوو بەرپرسی باڵای ئەمریکی بۆ گفتوگۆ لەبارەی ئێران و سووریا، ئەمڕۆ شەممە سەفەری ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست دەکات.

بەپێی ڕاگەیەندراوەکەی وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا، ئەو شاندە کە "جەیمز جێفری" نوێنەری تایبەت بۆ کاروباری سووریا، سەرۆکایەتیی دەکات، بە هاوڕێیەتی لەگەڵ "جۆئێل ڕایبوون" نوێنەری دەوڵەت بۆ کاروباری سووریا، ئەمڕۆ شەممە هاتوونەتە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست و بۆ ماوەی چوار ڕۆژ لەگەڵ بەرپرسانی هەر سێ وڵاتی ئیسرائیل، ئوردون و تورکیا سەبارەت بە پرسی سووریا گفتوگۆ دەکەن.

جەیمز جێفری، لە ئیسرائیل لەگەڵ بەرپرسانی باڵا لەبارەی بەرژەوەندیی هاوبەشی هەردوو وڵات، بەمەبەستی پاراستنی ئاسایشی ئیسرائیل بۆ بەرەنگاربوونەوەی هەوڵە تێکدەرانەکانی ئێران لە ناوچەکە گفتوگۆ و دانوستان دەکات.

وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا ئاماژەی ەبوەش کردووە ئەو شاندە ئەمریکاییە هاوکات لە ئوردون و تورکیا، لە دیدار و گفتوگۆکانیان لەگەڵ بەرپرسانی سیاسی و سەربازیی ئەو دوو وڵاتە، جەخت لەسەر هەڵوێستی ئەمریکا دەکەنەوە و هۆشداری دەدەن هەرچەشنە ئۆپەراسیۆنێکی سەربازی لە سووریا بۆ داگیرکردنی "ئدلب"، قەیرانی سووریا و ناوچەکە قووڵتر دەکات.

سەرکۆماری ئەمریکا و بەرپرسانی باڵای سیاسی و سەربازیی ئەمریکا جەخت دەکەنەوە ئێران لەڕێگەی هەوڵەکانییەوە لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست، پەرە بە چالاکیی مووشەکی دەدات و هاوکات یارمەتیی گرووپە میلیشیا توندڕەوە شیعەکان دەکات و ئەمەش دژی سەقامگیریی ناوچەکەیە و پاڵپشتیی ئێران لە رژێمی بەشار ئەسەدیش یەکێک لە بەربەستەکانی ناسەقامگیریی سووریایە.

ئەم شاندەی ئەمریکا لە کتێکدا بۆ تاوتوێی پرسی سووریا و ئێران دێتە ناوچەکەوە کە هەفتەی ڕابردوو ئاژانسەکان بڵاویان کردەوە کە شاندێکی ئەمریکی لەگەڵ سووریا کۆ بووەتەوە، کە دواتر ئەمریکا ئەو هەواڵەی ڕەت کردەوە.

پێنجشەممەی پێشوو وەزیرانی دەرەوەی ڕووسیا و سووریا لە پرێس کۆنفرانسێکی ڕۆژنامەنووسیدا ئاماژەیان بە ئۆپەراسیۆنی ئدلب کرد و سێرگئی لاڤرۆڤ پێداگری کرد کە هەموو خاکی سووریا دەکەوێتەوە ژێر دەسەڵاتی حکوومەت و دڵنیاتان دەکەینەوە کە هیچ گۆڕانکاریەکی سیاسی و جوگرافی لە "سیستەمی کۆماری عەرەبیی سووریا" ڕوو نادات.









باسنيوز
Top