قاسم سولەیمانی نامەیەک بۆ سیستانی دەنێرێت

 قاسم سولەیمانی نامەیەک بۆ سیستانی دەنێرێت
فەرماندەی سوپای قودسی ئێرانی نامەیەک بۆ مەرجەعی باڵای شیعەکانی عێراق دەنێرێت.



بەپێی هەواڵێکی ماڵپەڕی (بەغداد پۆست)، نامەکەی قاسم سولەیمانی، فەرماندەی سوپای قودسی ئێرانی بۆ ئایەتوڵڵا عەلی سیستانی، مەرجەعی باڵای شیعەکانی عێراق پەیوەندیی بە چارەنووسی میلیشیاکانی حەشدی شەعبییەوە هەیە.



ئەو ماڵپەڕە بەبێ ئاماژەکردن بە ناوەڕۆکی نامەکە، باسی کردووە، ئەبو مەهدی موهەندیس، جێگری سەرۆکی دەستەی حەشدی شەعبی نامەکەی قاسم سولەیمانی بۆ سیستانی بردووە.



ناردنی ئەو نامەیە لە کاتێک دایە، رۆژی هەینی 31/8/2018، حەیدەر عەبادیی سەرۆک وەزیرانی کاربەڕێکەری عێراق فالح فەیازی سەرۆکی دەستەی حەشدی شەعبی و راوێژکاری ئەنجومەنی ئاسایشی نیشتمانیی عێراقی لەسەر کار لادا.



سەرکردەکانی هاوپەیمانیی نەسر، کە عەبادی سەرۆکایەتی دەکات، ناڕەزایی توندیان دژی ئەو بڕیارە نیشان دا و رایانگەیاند، کە ئەوان فالح فەیاز بۆ سەرۆک وەزیرانی نوێی عێراق کاندید دەکەن.



چاودێران پێیان وایە بەهۆی ئەوەی فەیاز چانسی بوون بە سەرۆک وەزیرانی نوێی عێراقی زۆرترە، حەیدەر عەبادی بڕیاری دژایەتیکردنی داوە چونکە خۆی دەیەوێ بۆ خولێکی دیکە ببێتەوە سەرۆک وەزیران.



دوای هەرەسهێنانی سوپای عێراق، حەشدی شەعبی لە زیاتر لە 60 میلیشیای تائیفی بە فەتوای ئایەتوڵڵا عەلی سیستانی، مەرجەعی باڵای شیعەکان دروست بوو.



لە مانگی 6ـی 2014، نزیکەی دوو هەزار چەکداری رێکخراوی تیرۆریستی داعش لە سووریاوە دزەیان کردە ناو خاکی عێراق و لە ماوەی چەند رۆژێکدا، هەرەسیان بە سوپای عێراق هێنا و زۆربەی ناوچەکانی پارێزگاکانی نەینەوا، دیالە، سەڵاحەدین و ئەنباریان داگیر کرد.




باسنيوز
Top