نەتانیاهۆ هۆشدارییەکی توند دەداتە ئێران
بەپێی هەواڵی میدیا ئیسرائیلییەکان، بنیامین نەتانیاهۆی سەرۆک وەزیرانی ئەو وڵاتە بە نهێنی سەردانی بنکەی سەرەکیی کوورە ناوکییەکانی وڵاتەکەی لە شارۆچکەی دەیمونە لە بیابانەکانی ئیسرائیل کردووە.
بنیامین نەتانیاهۆ لە لێدوانێکدا، کە دوای سەردانەکە بەشێوەی نووسراو پێشکەشی میدیاکانی کردووە، هۆشداریی داوەتە ئێران لەوەی ئیسرائیل ”ئامرازی پێویستی هەیە بۆ وێرانکردنی دوژمن“، وەک ئاماژەیەک بۆ چەکی ناوکیی وڵاتەکەی.
سەرۆک وەزیرانی ئیسرائیل هەروەها رایگەیاندووە، ئەوانەی هەڕەشەی ”لەناوبردن“ی ئیسرائیل دەکەن، ”خۆیان دەخەنە هەمان مەترسیی لەناوچوون و هیچ ئامانجێکیش بە دەست ناهێنن“.
ئیسرائیل وڵاتێکی رۆژهەڵاتی ناوەڕاستە و کەوتووەتە سەر دەریای ناوەڕاست. ئێران و زۆربەی وڵاتانی عەرەبی و ئیسلامی بە دوژمنی ژمارە یەکی خۆیان هەژماری دەکەن و بەرپرسانی باڵای ئێرانیش بەردەوام هەڕەشەی لەناوبردنی ئەو وڵاتە دەکەن.
باسنیوز
