ئێران و سووریا رێککەوتنێکی سەربازی واژۆ دەکەن

 ئێران و سووریا رێککەوتنێکی سەربازی واژۆ دەکەن
کۆماری ئیسلامیی ئێران و کۆماری عەرەبیی سووریا رێککەوتنێکی سەربازی واژۆ دەکەن.



بەپێی هەواڵێکی رۆژنامەی (شەرقولئەوسەت)، رێککەوتنەکە رۆژی دووشەممە 27/8/2018 لە کۆتایی سەردانەکەی ئەمیر حاتەمی، وەزیری بەرگریی ئێران لە نیوان حاتەمی و حکوومەتی رژێمی سووریا، واژۆ کراوە.



لە رێککەوتنەکەدا ئاماژە بەوە کراوە، کە هێز و میلیشیا ئێرانییەکان لە سووریا بەشێوەیەکی یاسایی و لەسەر داوای حکوومەتی دیمەشق لەو وڵاتەدان و هاوکاریی بونیاتنانەوەی ژێرخانی سوپای عەرەبیی سووری دەکەن.



ئێران لە سەرەتای شەڕی ناوخۆیی سووریاوە بە ناردنی میلیشیای چەکداری و چەک و جبەخانە، پاڵپشتیی رژێمی سووریا دەکات.



پێشتریش ئەمریکا مانەوەی هێزەکانی لە چوارچێوەی هاوپەیمانیی نێودەوڵەتی لە دژی رێکخراوی تیرۆریستی داعش لە سووریا راگەیاندبوو، بۆ گەرەنتیکردنی دووبارە سەرهەڵنەدانەوەی داعش و رووبەڕووبوونەوەی مەترسییەکانی ئێران لە سووریا.



لە مانگی ئاداری 2011ـەوە شەڕی ناوخۆیی لە سووریا لەنێوان گرووپەکانی ئۆپۆزیسیۆن، رێکخراوە تیرۆریستییەکانی داعش و قاعیدە و رژێمی سووریا دروست بووە.



بەھۆی ئەو شەڕانەوە، کە سەراپای وڵاتەکەی گرتووەتەوە، زیاتر لە پێنج ملیۆن ھاووڵاتیی لە ناوخۆی وڵاتەکە، بۆ وڵاتانی دەوروبەر و جیھان ئاوارە بوون و زیاتر لە نیو ملیۆن کەسیش گیانیان لەدەست داوە.







باسنیوز
Top