فڕۆکەیەکی جەنگیی ئێران کەوتە خوارەوە

 فڕۆکەیەکی جەنگیی ئێران کەوتە خوارەوە
نیوەڕۆی ئەمڕۆ یەکشەممە فڕۆکەیەکی جەنگی لە جۆری ئێف 5ی سوپای ئێران لە دەوروبەری شاری "دێزفوول" لە پارێزگای خووزستان کەوتووەتە خوارەوە.

بەپێی زانیارییەکان لەو ڕووداوەدا فڕۆکەوانەکەی بەناوی لیوا (مەنووچێهر فەتاحی) کوژراوە.

تا ئێستا سەرچاوە و میدیاکان و لایەنی پەیوەندیدار و سوپای ئێران هۆکاری کەوتنەخوارەوەی ئەو فڕۆکە و وردەکارییەکانیان بڵاو نەکردووەتەوە.

کەوتنە خوارەوە ئەو فڕۆکە جەنگییەی ئێران لە کاتێکدایە کە هەفتەی پێشوو ئێران بە فەرمی لە ڕۆژی "پشتیوانی و بەرگری"دا پەردەی لەسەر یەکەم فڕۆکەی جەنگیی "دەسکردی ناوخۆ" لادا و حەسەن ڕۆحانی و بەرپرسانی باڵای سەربازی و بەرگریی ئێران ڕایان گەیاند ئێران لە بواری فڕۆکەوانی و بەرگریدا گەیشتووەتە ئاستێک کە هەموو شتێکی بەرهەمی ناوخۆیە.

پاش ڕاگەیاندنی ئەو هەواڵە وەزارەتی بەرگریی ئەمریکا ئاشکرای کرد کە ئەو فڕۆکەیە ئێرانی نییە و دسکردە و بەرهەمی ئەمریکا و ئێران کۆپیی کردووە و هەندێ وێنە و بەڵگەش بڵاو کرایەوە کە دەرخەری ئەوەن ئەو فڕۆکەیە هەمان ئەمریکییە و ئێران تەنیا ڕەنگی کردووە.

ساڵانە چەندین حاڵەتی کەوتنە خوارەوەی فڕۆکە و کۆپتەری سەربازیی ئێران ڕوو دەدات کە هۆکاری زۆربەیان تەکنیکی و کۆنیی فڕۆکەکانن.









باسنيوز
Top