حەسەن رۆحانی پەیامێکی ناڕەزایی بۆ عێراق دەنێرێت

 حەسەن رۆحانی پەیامێکی ناڕەزایی بۆ عێراق دەنێرێت
سەرۆک کۆماری ئێران پەیامێکی ناڕەزایی بۆ کۆماری عێراق دەنێرێت و داوای بەدواداچوون دەکات.

بەپێی هەواڵی میدیا ئێرانییەکان، رۆژی یەکشەممە 26/8/2018 ئەحمەد رەزا لاهیجانزادە، بەڕێوەبەری فەرمانگەی پاراستنی ژینگە لە پارێزگای خوزستان رایگەیاندووە، حەسەن رۆحانیی سەرۆک کۆماری ئێران پێی وایە سووتانی زۆنگاوەکانی باشووری عێراق بە دەستی ئەنقەست ئەنجام دەدرێت.

هەروەک ئەحمەد لاهیجانیزادە رایگەیاندووە، حەسەن رۆحانی داوای لە وەزارەتی دەرەوەی وڵاتەکەی کردووە ناڕەزایی بگەیەنێتە حکوومەتی عێراق و لێکۆڵینەوە لە سوتانی زۆنگاوەکان بکات.

یەک لەسەر سێی زۆنگاوەکان دەکەونە ناو خاکی ئێران لە پارێزگای خوزستان لە باشووری رۆژئاوای ئەو وڵاتە و دوو لەسەر سێش دەکەونە ناو خاکی عێراق و ماوەیەکە قەمیشەڵانەکانی ئەو زۆنگاوانە ئاگریان گرتووە.

یەکێک لە هۆکارەکانی سووتانی ئەو زۆنگاوانە کەمبوونەوەی ئاوی هەردوو رووباری دیجلە و فوراتە، کە هەردوو وڵاتی تورکیا و ئێران چەندین بەنداویان لەسەر ئەو دوو رووبارە دروست کردووە و ئاوی کەمتر بۆ عێراق و هەرێمی کوردستان دەنێرن.

دوای رووخاندنی رژێمی بەعسی عێراق لە ساڵی 2003، حزبە شیعییەکانی ئەو وڵاتە، کە هاومەزهەب و هاوپەیمانی ئێرانن، دەستیان بەسەر حوکمڕانیی عێراقدا گرت.









باسنيوز
Top