ئەمریکا دەست بەسەر کۆمپانیایەکی نەوتیی ڤەنزوێلیدا دەگرێت

ئەمریکا دەست بەسەر کۆمپانیایەکی نەوتیی ڤەنزوێلیدا دەگرێت
بە بڕیاری دادگای فیدڕالی، حکوومەتی ئەمریکا دەست بەسەر کۆمپانیایەکی نەوتیی ڤەنزوێلیدا دەگرێت.



کێشەکە بۆ ساڵی 2011 دەگەڕێتەوە، کە کۆمپانیای کریستالیکسی کەنەدی گرێبەستی وەرگرتنی کانەیەکی لەگەڵ حکوومەتی ڤەنزوێلا واژۆ کرد، بەڵام حکوومەت دەستی بەسەر ئەو پرۆژەیەدا گرت و هیچ قەرەبووێکی کۆمپانیاکەشی نەکردەوە.



رۆژی یەکشەممە 26/8/2018، میدیا ئەمریکییەکان بڵاویان کردووەتەوە، کە دادگای فیدڕالیی وڵاتەکەیان بڕیاری دەست بەسەرداگرتنی پشکەکانی کۆمپانیای (سیتگۆ)ی ڤەنزوێلی دا، کە کۆمپانیای نیشتمانیی فرۆشتنی نەوتی ئەو وڵاتەیە.



دادگای فیدڕالی لە بڕیارەکەیدا، حکوومەتی ڤەنزوێلا ناچار دەکات بە یەک ملیار و 200 ملیۆن دۆلار قەرەبووی کۆمپانیای کریستالیکس بکاتەوە، ئەگینا دەست بەسەر پشکەکانی کۆمپانیا نەوتییەکەدا دەگیرێت تا پارەی کۆمپانیا کەنەدییەکە بە تەواوی دەدرێتەوە.



ئەو سزایەی بەسەر ڤەنزوێلادا سەپێندراوە لە کاتێک دایە، کە ئەو وڵاتە بە بارودۆخێکی سەختی داراییدا تێدەپەڕێت.





باسنیوز
Top