ئەمریکا: یارمەتیی یەکێتیی ئەورووپا بۆ ئێران هەڵگری پەیامێکی هەڵەیە

 ئەمریکا: یارمەتیی یەکێتیی ئەورووپا بۆ ئێران هەڵگری پەیامێکی هەڵەیە
برایان هۆک، بەڕێوەبەری کاروباری تایبەت بە ئێران لە وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا بە بڵاوکردنەوەی ڕاگەیەندراوێک ڕەخنەی لە یارمەتیی 18 ملیۆن دۆلاریی یەکێتیی ئەورووپا بە ئێران گرتووە و گوتوویەتی ئەوە ناردنی پەیامێکی هەڵەیە.



ئەو بەرپرسە باڵایەی وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا ڕاشی گەیاندووە: "دیاریکردنی ئەو بڕە پارەیە کە بۆ چەند پرۆژەیەکی ئاوەدانکردنەوە و سروشتییە، دەبێتە هۆی ئەوەی حکوومەتی ئێران لە پشتگوێخستن و دابیننەکردنی داوکارییەکانی خەڵک بەردەوام بێت و هاوکات دەبێتە بەربەستێکی ئاشکرا لەبەردەم ئەو هەوڵانەی کە بۆ گۆڕینی سیاسەت و ڕەفتاری ئێران گیراونەتە بەر".



برایاین هۆک ئاماژەی بەوەش کردووە: "خەڵکی ئێران بەهۆی گەندەڵیی حکوومەت و نەبوونی بەڕێوەبەری و سیسەتەمێکی تۆکمە و تەرخانکردنی سەرمایە و داهاتی وڵات بۆ گرووپە تیرۆرسیتییەکان لە ناوچەکە، لەژێر زەخت و گوشارێکی زۆر دان".



لە چەند ڕۆژی ڕابردوودا کۆمسیۆنی یەکێتیی ئەورووپا بڕیاری دانی 18 ملیۆن یۆرۆ یارمەتی بە کۆماری ئیسلامیی ئێرانی پەسەند کرد کە بەپێی زانیارییەکان بۆ بووژانەوەی کەرتی سروشتی، پشتیوانی لە گەشەی ئابووری لە کەرتی تایبەت و بەتایبەتی کەمکردنەوەی خەسارە کۆمەڵایەتییەکان، تەرخان کراوە.



ئەم بڕیارەی یەکێتیی ئەورووپا هاوکات لەلایەن بنیامین ناتانیاهۆ، سەرۆکوەزیرانی ئیسرائیلەوە ڕەخنەی لێ گیراوە و ڕای گەیاندووە، ئەو بڕیارە زۆر مەترسیدار و هەڵەیە و "وەک دانی ژەهرە ب ئێران" و بە توندی سەرزەنشتی یەکێتیی ئەورووپای کردووە".



باسنیوز
Top