ستیافان دیمستورا بە فەرمی داوەتنامەی ئاراستەی هەریەکە لە وڵاتانی رووسیا، ئێران و تورکیا کردووە

ستیافان دیمستورا بە فەرمی داوەتنامەی ئاراستەی هەریەکە لە وڵاتانی رووسیا، ئێران و تورکیا کردووە
نێردەی تایبەتیی نەتەوە یەکگرتووەکان لەبارەی سووریاوە، داوەتنامەیەک بۆ کۆبوونەوە ئاراستەی رووسیا و دوو وڵاتی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست دەکات.



کۆبوونەوەکە رۆژانی 11 و 12ـی مانگی داهاتوو لە جنێڤ لە سویسرا بە سەرپەرشتیی ستافان دیمستورای نێردەی تایبەتیی نەتەوە یەکگرتووەکان لە سووریا، ساز دەکرێت.



بەپێی زانیارییە بڵاو کراوەکان، لە کۆبوونەوەکەدا، تاوتوێی دروستکردنی لێژنەیەک بۆ نووسینەوەی دەستووری نوێی سووریا دەکرێت، وەک هەوڵێک بۆ کۆتایی هێنان بە شەڕی ناوخۆیی سووریا.



گوتەبێژی نەتەوە یەکگرتووەکان رایگەیاندووە، ستافان دیمستورا بە فەرمی داوەتنامەی ئاراستەی هەریەکە لە وڵاتانی رووسیا، ئێران و تورکیا کردووە بۆ ئامادەبوون لە کۆبوونەوەکە.



کۆماری ئیسلامیی ئێران و کۆماری رووسیای فیدڕال لە سەرەتای شەڕی ناوخۆیی سووریاوە بە ناردنی چەک و چەکدار، پاڵپشتیی رژێمی سووریا دەکەن و تورکیاش پشتگیریی بەشێک لە گرووپەکانی ئۆپۆزیسیۆنی ئەو وڵاتە دەکات.



لە مانگی ئاداری 2011ـەوە شەڕی ناوخۆیی لە سووریا لەنێوان گرووپەکانی ئۆپۆزیسیۆن، رێکخراوە تیرۆریستییەکانی داعش و قاعیدە و رژێمی سووریا بە سەرۆکایەتیی بەشار ئەسەد دروست بووە.



بەھۆی ئەو شەڕانەوە، کە سەراپای وڵاتەکەی گرتووەتەوە، زیاتر لە پێنج ملیۆن ھاووڵاتیی لە ناوخۆی وڵاتەکە، بۆ وڵاتانی دەوروبەر و جیھان ئاوارە بوون و زیاتر لە نیو ملیۆن کەسیش گیانیان لەدەست داوە.




باسنیوز
Top