حاجییەکی عێراقی لە کاتی تەوافکردن خۆی هەڵداوەتە خوارەوە و خۆی کوشتووە
حاجی حوسێن حەمید حەیدەر کاتژمێر 8:30 خولەکی سەرلەبەیانیی رۆژی هەینی 24/8/2018 لەکاتی تەوافکردن (سووڕانەوە) بە دەوری کەعبە، لە سەربانی مزگەوتی حەرام خۆی هەڵدایە ناو گۆڕەپانی مزگەوتەکە و خۆی کوشت و دوو حاجیی دیکەی بریندار کرد.
بەپێی هەواڵی. میدیا سعودییەکان، حوسێن حەمید حەیدەری لەگەڵ دایکی بە مەبەستی ئەنجامدانی رێوڕەسمەکانی حەج سەردانی ئەو وڵاتەی کردبوو و ماوەی نزیکەی سێ مانگیش بوو بەهۆی لەدەستدانی کوڕێکییەوە، باری دەروونی تێک چوو بوو.
دایکی حاجی حوسێن حەمید حەیدەری دوای خۆکوشتنی کوڕەکەی، باری تەندروستیی تێکچووە و گەیەندراوەتە نەخۆشخانە.
ئەو حاجییە، کە خەڵکی شارەدێی نەهرەوانە لە پارێزگای بەغدا و لەدایکبووی ساڵی 1975 بوو. لەکاتی تەوافکردن چەند دروشمێکی مەزهەبی شیعەی گووتووەتەوە و بە شان و باڵی موقتەدا سەدری هەڵداوە، کە رێبەری رەوتی سەدرە و یەکێکە لە زاناکانی شیعەی عێراقی و سیاسەتمەدارێکی ئەو وڵاتە.
باسنیوز
