فەرەنسا و بەریتانیا گەشتە ئاسمانییەکانیان بۆ ئێران رادەگرن

فەرەنسا و بەریتانیا گەشتە ئاسمانییەکانیان بۆ ئێران رادەگرن
بەهۆی سزاکانی سەر ئێران لەلایەن ئەمریکاوە، هەردوو وڵاتی فەرەنسا و بەریتانیا بڕیاریاندا لەسەرەتای مانگی داهاتووەوە گەشتە ئاسمانییەکانیان بۆ ئێران رابگرن.

هێڵی ئاسمانیی بەریتانیا، بریتیش ئێروەیز، رایگەیاند گەشتەکانی بۆ ئێران رادەگرێت. بە گوێرەی راگەیاندنی بریتیش ئێروەیز دوایەمین گەشت لە لەندەنەوە بۆ تاران رۆژی 22ـی ئەیلوول و دوایەمین گەشتیش لە تارانەوە بۆ لەندەن رۆژی 23ـی هەمان مانگ دەبێت.

کۆمپانیاکە هۆکاری ئەم بڕیارە گەڕاندووەتەوە بۆ ئەوەی کە درێژەدان بەو گەشتانە لە بەرژەوەندیی بازرگانیی کۆمپانیاکەدا نییە و هاوکات ئەو گەشتانە لەڕووی بازرگانییەوە بەسوود نابن.

لەلایەکی دیکەوە هێڵی ئاسمانیی فەرەنسا بڕیارێکی هاوشێوەی دەرکردووە و ئاشکرای کردووە لە مانگی داهاتووەوە گەشتەکانی بۆ ئێران دەوەستێنێت. هاوکات مانگی پێشووش هێڵی ئاسمانیی هۆڵەندا بڕیارێکی هاوشێوەی دا.

شارەزایان لەو باوەڕەدان کە راگرتنی گەشتە ئاسمانییەکانی ئەم وڵاتانە بۆ ئێران پەیوەندیی بە سزاکانی ئەمریکاوە بۆ سەر ئێران هەیە و کۆمپانیاکان نایانەوێت لەڕێگەی بازرگانیکردن لەگەڵ ئێران بکەونە ژێر ئەو سزایانە.
rudaw -
Top