کۆمپانیای تۆتاڵ بە فەرمی لە ئێران کشایەوە

 کۆمپانیای تۆتاڵ بە فەرمی لە ئێران کشایەوە
بە گوەتی وەزیری نەوتی حکوومەتی ئێران تۆتاڵ، یەکێک لە گەورەترین کۆمپانیاکانی فەرەنسا گرێبەستەکانی لەگەڵ ئێران هەڵوەشاندووەتەوە و لەو وڵاتە کشاوەتەوە.



بەپێی ڕاپۆرتی ماڵپەڕی "خانەی میللەت" بیژەن نامدار زەنگەنە، وەزیری نەوتی ئێران ڕای گەیاندووە: "کۆمپانیای تۆتاڵ بە شێوەی فەرمی لە گرێبەست و کاکردن لە پرۆژەی (پارسی باشوور) کشاوەتەوە و زیاتر لە دوو مانگە ڕای گەیاندووە لە ئێران دەکشێتەوە".



وەزیری نەوتی ئێران ئاماژەی بەوەش کردووە سەرقاڵی ئامادەکردنی جێگرەوەیەکین بۆ کۆمپانیای تۆتاڵ لە پرۆژەی پارسی باشووری.



تۆتاڵ یەکێک لە هەشت گەورە کۆمپانیای نەوتیی جیهانە کەلە ساڵی 1924ەوە لەلایەن ئێرنست مرسی‌یرەوە دامەزراوە لە بوارەکانی دەرهێنانی نەوت و غاز و بەرهەمهێنانی کارەبا، گواستنەوەی نەوت و پاڵاوگە و دۆزینەوەی بازار بۆ نەوتی خاو و غازی سروستیدا چالاکە.



پاش هاتنە دەرەوەی ئەمریکا لە ڕێککەوتنی ناوکیلگەڵ ئێران، تۆتاڵ یەک لەو کۆمپانیا نەوتیانە بوو کە بە بڵاوکردنەوەی ڕاگەیەندراوێک ئاشکرای کرد کەلە پرۆژەی پارسی باشووریی ئێران دەکشێتەوە.



کۆمپانیای تۆتاڵ تا ئێستا نزیکەی 40 ملیۆن یۆرۆ (نزیکەی 47 ملیۆن دۆلار)ی لە پرۆژەی گەورەی وزە لە ناوچەکانی باشووری ئێران خەرج کردووە و بە کشانەوەی یەکجارەکیی لە ئێران هەڵوەشانەوەی گرێبەستەکانی، بۆشاییەکی گەورە لە بواری نەوت و غاز و وزە بۆ پرۆژەکانی ئێران ساز دەبێت.




باسنيوز
Top