بەرپرسێك: سزاكانی ئەمریكا بۆ سەر توركیا سیاسین نەک ئابووری
تارا شوان، بەرپرسی ئینیستیوتی ئابووری ئەمریكی – كوردی بە (باسنیوز)ی راگەیاند: "كێشەكانی نێوان توركیا و ئەمریكا زیاتر كێشەی سیاسین، نەوەك ئابووری، بەڵام ئێستا ستراتیجیەتی ئەمریكا گۆڕاوە، كە بەهۆی ئەوەی ئەمریكا نایەوێت بۆ چارەسەركردنی كێشەكانی لەگەڵ وڵاتاندا پەنا بباتە بەرهێزی سەربازی، زیاتر پەنا بۆ شەڕی ئابووری دەبات و هەر وڵاتێك لە ستراتیج و پلانەكانی لا بدات، سەرەتا لەو ڕێگەوە لاوازی دەكات.
گوتیشی: "ئەكرێت ئەم گرژییانە بە شەڕی ساردی ئابووریی نێوان هەردوو وڵات ناو ببەین، لەكاتێكدا توركیا ناتوانێت هیچ رێگرییەك لەبەردەم بەرژەوەندییەكانی ئەمریكا دروست بكات، لەبەر ئەوەی توركیا تەنهایە و هاوكار و هاوپەیمانی ستراتیجیی نییە.
بەرپرسەكەی ئینیستیوتی ئابووری ئەمریكی- كوردی روونیشی كردەوە، ئەگەر توركیا چارەسەری كێشەی قەشەكە، هەروەها دەستێوەردانەكانی سووریا و پەیوەندییەكانی لەگەڵ ڕووسیا چارەسەر نەكات، بێگومان ئەمریكا سزای گەورەتر بەسەر توركیا دەسەپێنێت و كاریگەری لەسەر ژێرخانی ئابووری دەبێت و بەهای دراوی لیرە زیاتر دادەبەزێت.
ئاماژەی بەوەش كرد، لەگەڵ ئەوەی توركیا خاوەنی ئابوورییەكی گەورەیە و لە ماوەی چەند ساڵی ڕابردوودا گەشەكردنێكی بەرچاوی بەخۆوە بینیوە بەتایبەتی سەرچاوەیەكی باشی بەرهەمهێنانی ئاسن و یۆرانیومە بۆ جیهان و ئابورییەكەشی تەنها یەك سەرچاوە نویە، بەڵكوو جگەلە ئاسن و یۆرانیوم، هاوكات كەرتی گەشتیاری و پیشەسازیی گەشەی كردووە، بەڵام دەبێت ئەو راستییە لەبەرچاو بگیرێت كە ئێستا هیچ ئابورییەك بەراورد ناكرێت بە ئابووریی ئەمریكا وە هیچ ئابوورییەكیش سەد لەسەد جێگیر نییە و لەدەرەوەی مەترسی نییە".
شوان ئەوەشی باس كرد، ئەوەی ئەمریكا لە توركیا جیا دەكاتەوە، ئەوەیە ئەمریكا خاوەنی بەهێزترین ئابووریی جیهانە و تەنها وڵاتە كە بە دامەزراوەی بازرگانی ناو دەبرێت و خاوەنی دراوی دۆلارە كە كۆنترۆڵی تەواوی بازاڕەكانی جیهانی كردووە، جگەلە دۆلار و ژێرخانی ئابووری بەهێزی هەیە.
گوتیشی: "ئەمەریكا خاوەنی نەوت و گەورەترین یەكەی سەربازی جیهانییە و پێشكەوتووترین تەكنۆلۆژیای سەربازی لە جیهاندا هەیە كە ئەوەش هێزێكی تری بەخشیوەتە ئابورییەكەی و لەو ڕێگەیەوە دەتوانێت گەورەترین وڵات لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست و تەنانەت ئەورووپاش ناچار بە جێبەجێكردنی پلان و ستراتیجییەكانی بكات".
باسنيوز
